رووداو-پشدەر
سەدرەدین سەعات هەشتی شەو لە ماڵ چووە دەرەوە و رۆژی دواتر پۆلیس تەرمەكەی دۆزییەوە. پۆلیس و كەسوكارەكەی هۆكاری كوشتنی ناڵێن، كەسوكاری بكوژەكەی دەڵێن ئێمە دەزانین بۆ كوژراوە، بەڵام ئامادەشین بۆ سوڵح.
سەدرەدین، تەمەن 50 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی خانەقا لە قەڵادزێ، سەعات هەشتی شەوی 13/4/2019 لە ماڵ دەرچوو، بەرەبەیانی رۆژی دواتر تەرمەكەی لە رۆخی رووبارێك دۆزرایەوە. پۆلیس گەنجێكی تەمەن 20 ساڵانی بەناوی (ك.ح) دەستگیر كردووە، دەگوترێ گەنجەكە هاوڕێی سەدرەدین بووە، لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیسیشدا دانی بەوەدا ناوە كە ئەو سەدرەدینی كوشتووە.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، دوای رووداوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا ئاشكرای كرد كە تەرمی پیاوێكی تەمەن 50 ساڵیان دۆزیوەتەوە، شوێنەواری چەقۆ لەسەر جەستەی هەبووە. پۆلیس دەڵێت قسەیان لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكە كردووە و دەڵێن ئەو پیاوە سەعات هەشتی شەو لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، رۆژی دواتر تەرمەكەیان بە سووتێنراوی، لە نزیك چەمی خاسە بە دووریی 15 كیلۆمەتر لە قەزای پشدەر دۆزیوەتەوە.
سەبارەت بە كێشەی نێوان بكوژ و كوژراویش پۆلیس دەڵێت: "دوای رووداوەكە گەنجێكی تەمەن 20 ساڵمان دەستگیركرد، گەنجەكە ئیعترافی لەسەر تاوانەكە كردووە و دەڵێت كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا هەبووە كە بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە". بەڵام پۆلیس ئاماژەی بە ناوەڕۆكی كێشەكە نەكرد.
بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل، تۆمەتبار دوای كوشتنی سەدرەدین، ئاگری لە تەرمەكە و ئۆتۆمبێلەكەی سەدرەدین بەرداوە، دواتریش تەرمەكەی لە دووری ئۆتۆمبێلەكە بە چەو و لمی دەم رووبارەكە داپۆشیوە.
هەر لەوبارەوە عوسمان محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی شەهیدانی نوێی قەڵادزێ گوتی، بەپێی ئەو پشكنینانەی بۆ تەرمەكە كراوە، چەقۆ بەر مل و تەنیشتەكانی سكی كەوتووە، كاریگەرترینیان بڕینی ملی بووە كە دەمار و ماسولكەكانی گرتبوو، بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستدابوو.
سەدرەدین دووكانی هەبوو لە ناوچەی پیشەسازیی قەڵادزێ، كەسوكارەكەی دەڵێن هەموو ئیشی سەدرەدین خزمەتكردنی خەڵكی بووە و چەندین كەس لەسەر دەستی ئەو فێری فیتەری بوون.
عوسمان كە برای سەدرەدینە، دەڵێت: "براكەم زیاتر لە 30 ساڵ بوو لە ناوچەی پیشەسازی ئیشی دەكرد، كەسێكی زۆر بێ كێشە بوو، لەو باوەڕەدا نەبووین رۆژێك لە رۆژان كەسێك دەستی بچێتە خوێنی ئەو".
عوسمان ئاماژە بە ونبوونی براكەی دەكات و دەڵێت: "براكەمان سەعات هەشتی شەو لە ماڵ دەرچووە، كە نەگەڕایەوە، پۆلیس و ئاسایشمان لە دیارنەمانی ئاگادار كردەوە، بەڵام بەداخەوە رۆژی دواتر پۆلیس ئاگاداری كردینەوە كە تەرمەكەیان دۆزیوەتەوە".
سەبارەت بە تۆمەتبارەكەش، عوسمان دەڵێت: "پۆلیس كەسێكی بە تۆمەتی كوشتنی براكەم دەستگیر كردووە، بەڵام ئێمە تووشی شۆك بووین كە گوتیان سەدرەدین لەلایەن ئەو كوڕەوە كوژراوە، چونكە نەمانزانیوە كێشەی لەگەڵ هەبووبێ، نەشمانزانیوە برادەری بووبێ. تەنیا ئەوەندە دەزانین تۆمەتبار كەسێكی سەر بەكێشە بووە".
بەڵام سەرچاوەیەك لە بنەماڵەی تۆمەتبارەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت تۆمەتبارەكە هاوڕێی سەدرەدین بووە. ئەو سەرچاوەیە گوتی :"(ك) كەسێكی هێندە سەر بەكێشە نەبوو. سێ ساڵ لەمەوبەر شاگردی فیتەرێك بووە، بەڵام نەمانزانیوە پێشتر هیچ كێشەیەك لە نێوانیاندا هەبووبێ".
سەبارەت بە هۆكاری ئەو رووداوە، سەرچاوەكە گوتی: "ئێمە قسەمان لەگەڵ نەكردووە، بەڵام لە خەڵكمان زانیوەتەوە كە پێش تاوانەكە ئەو دوو كەسە بەشەڕ هاتوون".
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، زۆریان پێ ناخۆشە كە ئەوە روویداوە، یاساش هەر بڕیارێك لەبارەی دۆسیەكەوە بدات، ئەوان قبوڵی دەكەن، هەروەها حەز دەكەن سوڵحی عەشایری لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەكە بكەن و هەر داواكارییەكیشیان هەبێ بۆیان جێبەجێ دەكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ