رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی و فۆڕێکسی بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کرد و هۆشداریش دەدات، هەر کۆمپانیایەک لەو بوارە دا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاگادارییەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە دەڵێت: "لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت، مامەڵەکردن بەو دراوانەوە قەدەغەیە".
لە راگەیێندراوەکە دا ئاماژە بەوە کراوە: "هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە، بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانە دا قەدەغەیە."
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریی تووند دەداتە ئەو لایەنانەی ئەو کارە دەکەن و دەڵێت: "هەر کەس و گرووپێک لەژێر ناوی کۆمپانیا دا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەو جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە و جەخت دەکاتەوە: "هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ