رووداو - هەولێر
دوای پەسەندكردنی 38 قەوارەی سیاسی بۆ بەشدارییان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، دادگا بەشداری یەكێك لە قەوارە سیاسییەكان بەناوی تەڤگەری ئازادی رەتدەكاتەوە، هۆكاری رەتكردنەوەشیان پەیوەندی بە دوو خاڵەوە هەیە.
د.جووتیار عادل، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند: "لەلایەن ئەو دادگایەی كە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكیهێناوە، بەشداری تەڤگەری ئازادی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتكراوەتەوە".
ئەو ئەندامەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان دەشڵێت "هۆكاری رەتكردنەوەی بەشداری تەڤگەری ئازادی لەسەر دەرنجامی سكاڵایەك بووە لەسەریان، ئەوەش پەیوەندی بە دوو خاڵەوە هەبوو، یەك ئەوان لە كوردستان وەك حیزب تۆمارنەكراون، خاڵی دووەم لە فۆڕمی ژمارە 102، كە پەیوەندی بە واژۆی 500 كەسەوە هەیە گرفتیان هەبووە".
ئەندامەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، ئەوان وەكو كۆمیسیۆن بەپێی یاسا دەبێت پەیوەست بن بەهەر بڕیارێك كە لەلایەن ئەو دادگایەوە دەربچێت.
تەڤگەری ئازادی لە باشووری كوردستان، نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بەشداری 38 حیزب و قەوارەی سیاسی و 3 هاوپەیمانی پەسەند كردبوو.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ