کچێکی نیڤشکان بە مۆبایلەکەی کتێبێکی لەبارەی ژیانیەوە نووسیوە: قسەی خەڵک گریاندوومی، بەڵام بەهێزیان کردووم

03-07-2023
نزار جەزا
ئەندریا و باوکی لە ماڵی خۆیان. وێنە: رووداو
ئەندریا و باوکی لە ماڵی خۆیان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ئەندریای تەمەن 32 ساڵ، کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە (نیڤشکانە)، لە رێگەی مۆبایلەکەی دەستیەوە کتێبێکی دەربارەی ئەزموونی ژیانی خۆی نووسیوە و چاپ و بڵاویشی کردووەتەوە.
 
ئەندریا ئیفلیجیی مێشکی هەیە، بە هیواوە کتێبەکەی نووسیوە، لە هەمان کاتدا چیرۆکی تاڵی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانى لە روانگەی ژیانی خۆیەوە باس کردووە.
 
ئەندریا پێشڕەو، نووسەری کتێبی 'چیرۆکەکانی ئەندریا' دەڵێت، "دۆخی ژیانی من هەر لە سەرەتاوە قورس بوو، بەڵام بە هاوکاریی خێزانەکەم توانیومە ژیانێکی ئاسایی بەڕێبکەم. ئەم کتێبەش کە نووسیومە بەرهەمی نۆ مانگ هەوڵ و ماندووبوونی خۆمە بە هاوکاریی رێکخراوی ئاشای مرۆیی. کاتی نووسینی کتێبەکەم دیارینەکراو بوو، جار هەبوو لە کاتی سەعیکردن بیرۆکەیەکم بۆ دەهات و خێرا بە مۆبایلەکەم دەمنووسییەوە و دواتر دەستم دەکردەوە بە سەعیکردن. قسەی خەڵک نەیتوانیوە من بوەستێنێت، رەنگە منیان گریاندبێت، بەڵام ئەو گریانە بووە هێزێک کە بەردەوام بم."
 
بەهۆی ئیفلیجیی مێشکیەوە لە قوتابخانە ئەندریایان وەرنەگرت، بەڵام کۆڵنەدان و پڕ وزەییەکەی وایان کرد، بە هاوکاریی خێزانەکەی ل ەماڵەوە خۆی فێری خوێندنەوە بکات و لە تەمەنی 15 ساڵیدا چووە قوتابخانە، ئێستا لە قۆناخی چوارەمی بەشی کوردییە لە زانکۆی سلێمانی.
 
پێشڕەو عەلی، باوکی ئەندریا دەڵێت، "ئەو منداڵانە خودا پێی بەخشیوین، دەبێت سوپاسی خودای لەسەر بکەین و پێی رازیبین، بۆیە پێویستە خێزانەکان هاوکار و پاڵپشتیان بن، هەر توانایەکیان پێ بەخشراوە پاڵپشتیان بین بۆئەوەی تواناکانیان نەخەنە ژێر گڵ."
 
کتێبی 'چیرۆکەکانی ئەندریا' بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە یەکەم رۆژی بڵاوکردنەوەیدا نیوە زیاتری بەخشرا و بەنیازن بەپێی داواکاری کتێبی دیکەی لێ چاپ و بڵاوبکەنەوە.
 
هیوا قادری نووسەر و شاعیر سەرپەرشتیی ئەندریای کردووە تاوەکو کتێبەکەی بە چاپ گەیاندووە، پێیوایە یەکێکە لە کتێبە زۆر باش و گرنگەکان لەڕووی گێڕانەوەی چیرۆک و زمان و خەیاڵ و بنیاتەوە، کە دەکرێت هەمووان بیخوێننەوە.
 
هیوا قادر دەڵێت، "کاتێک بەر ئازایەتیی ئەندریا و شێوازی نووسینەکەی کەوتم، هەستم کرد من لەبەردەم نووسەرێکدام کە تازە دەستپێدەکات و هونەری گێڕانەوەی لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک رووەوە گرنگە، چونکە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر سیستمی خوێندن، سیستمی تەندروستی و کۆمەڵگەی کوردیش، کە کۆمەڵگە نە دەیەوێت بیانبینێت و نە هەوڵێک دەدات بۆ بینینیان."
 
چیرۆکەکانی ئەندریا دابەشکراون بۆ سێ بەش، بەپێی تەمەنی ئەندریا، لە تەمەنی سێ بۆ هەشت ساڵی، هەشت بۆ 15 ساڵی، 15 بۆ 31 ساڵی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە