رووداو- دهۆك
نێچیرڤان بارزانی، لەكاتی پێشكەشكردنی بەرهەمەكانی سهمفۆنی و كۆراڵی پێشمهرگه و شنگال كە لە هۆڵی كۆنگرەكان لە شاری دهۆك بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كارەساتی شنگال بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو نمایشكران، گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند " شنگال برینێکی گەورەیە لە جەستەی میللەتی کورد و هەرگیز کارەساتی شنگال لەبیرناکرێت".
نێچیرڤان بارزانی: هێرشی داعش بۆسەر شنگال دڕندەترین هێرش بوو
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتی " هێرشی داعش بۆسەر شنگال دڕندەترین هێرش بوو و، بردنی ژنان و کچانی ئێزدی برینێکی قووڵە". گوتیشی " کوردانی ئێزدی جێگەی شانازی ئێمەن، هەموو هەوڵی خۆمان داوە بۆ رزگاركردنی ژنان و كچانی كوردی ئێزدی، خۆشبەختانە ژمارەیەكیان رزگاركراون و، هەوڵەكانیشمان بەردەوامن بۆ رزگاركردنی ئەوانی دیكە".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كچ و ژنانەی كوردی ئێزدی كە لە ساڵی رابردووەوە كەوتوونەتە ژێردەستی داعش، مەحما خەلیل، فەرماندەی پێشمەرگە لە چیای شنگال و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا كە رۆژی یەكشەممە 3-8-2015 لە هەولێر سازیكرد، رایگەیاند " ساڵی رابردوو 5 هەزار ئافرەتی کوردی ئێزدی كەوتنە ژێردەستی داعش، لەو ژمارەیەش هەزار و 916 کەس ئازادکراون".
نێچیرڤان بارزانی: بردنی ژنان و کچانی ئێزدی برینێکی قووڵە
لەبارەی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال و شەڕی پێشمەرگە دژی داعش، سەرۆكی حكومەت گوتی " پێشمەرگە بە توانایەکی کەمەوە گەورەترین سەروەری تۆمارکردووە و گەشبینم بە رزگارکردنی شنگال".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچرڤان بارزانی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی لە هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد و گوتی " ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، بەمەش دوای هێرشەكانی داعش ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان %29 زیادیكردووە".
نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە بە توانایەکی کەمەوە گەورەترین سەروەری تۆمارکردووە
سەرۆكی حكومەت سوپاسی خەڵكی كوردستانیشی كرد بەتایبەت شاری دهۆك کە دەرگای دڵی خۆیان بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە و گوتی " ئاوارەو پەنابەرەکان بارگرانییەکی یەکجار زۆریان لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانی هاونیشتمانیانی کوردستان دروستکردووە". جەختیشكردەوە كە هەرچییان لەدەست بێت بۆ خەڵکی ئاوارە و لێقەوماو دەیکەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی مەحما خەلیل ئاشكرایكردن، بەهۆی هێرشەكانی داعش زیاتر لە 6 هەزار ئێزدی شەهیدو بێسەرشوێنن، تاوەکو ئێستاش 11 گۆڕی بەکۆمەڵ لە بەشێک لە ناحیەکانی سەر بە قەزای شنگال دۆزراونەتەوە، هەروەها ئاوارەكانی ئێزدی 20% ی ئاوارەكانی عێراق پێكدەهێنن و لە 16 کەمپی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
نێچیرڤان بارزانی: سوپاسی میللەتی خۆمان دەکەین کە دەرگای دڵی خۆیان بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە

رۆژی شەممە 1ی ئابی 2015 بەرهەمەكانی (پێشمەرگە و شنگال) لە هۆڵی ئینستیوتی کەلەپووری کورد لە شاری سلێمانی، دوێنێ یەكشەممەش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر و، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەش لە هۆڵی كۆنگرەكانی شاری دهۆك بە سپۆنسەری رووداو نمایشكران.
130 هونەرمەندی کۆرال لەو سیمفۆنیایە بەشدارن کە 13 هونەرمەندی ناسراوی بەشەكانی کوردستانیان تێدایە لەوانە نارین فەقێ، عەمار کوفی، هانی، خێرۆ عەباس، جەمشید، شڤان پەروەر، حەسەن شەریف، محەممەد تەها ئاکرەیی، ئەیوب عەلی و ژمارەیەك گۆرانیبێژێکی ناسراوی دیکە.




