رووداو - سلێمانی
شاندی ئێران كە شاندێكی سەربازییە، لە سێ كەس پێكهاتووە و پلەدارانی سوپای پاسدارانی ئێرانن، دوو كۆبوونەوەیان لەگەڵ باڵەكانی یەكێتی و كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كردوون.
ئەركان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، شاندەكە شەوی رابردوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیان بینوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممەش چوونەتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، بەڵام تاوەكو ئێستا بەرهەم ساڵحیان نەبینیوە و ناوبراو لە كۆبوونەوەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ ئامادە نەبووە.
پەیامنێری رووداو باسی لە كۆبوونەوەی شاندەكەی ئێران و رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كرد و گوتی "بەرلەوەی سەردانی دەرەوەی وڵات بكات، شاندەكە چووەتە گردی زەرگەتە و 45 خولەك لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كۆبووەتەوە".
لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، پەیامنێری رووداو گوتی "نەوشیروان مستەفا پێیگوتوون هەوڵی خۆی داوە و نەیهێشتووە هیچ لایەكیان دەست بدەنە چەك و ببێتە شەڕ، برادەران وەك، قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحموود و جەلال جەوهەریش لە هەوڵدان بەردەوام دەبن بۆ نێوەندگیریكردن لەنێوان باڵەكان".
پەیامنێری رووداو لەبارەی بەرنامەی داهاتووی شاندە سەربازییەكەی ئێران گوتی "ئەمشەویش جارێكی دیكە لەگەڵ هەردوو باڵەكە كۆدەبنەوە، پێشنیازیان كردووە هەرسێ سەركردەكە تاوەكو كۆنگرە یەكێتی بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەو پێشنیازە كۆنە و هی ساڵی 2013 یە، ئەوكاتیش پێشنیازێكی لەمشێوەیە كرابوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ