رووداو - سلێمانی
رۆژی 5ـی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دەسپێدەکات، شەقام و شوێنە گشتیەکان پڕدەکرێن لە درووشمی ئاڵوواڵای حیزبەکان بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەران. بەڵام دۆزینەوەی درووشمێکی نوێ لایەنەکانی ماندوو کرد تاوەکو وابکەن خەڵک دیسانەوە متمانەیان پێبکاتەوە.
یەکێتی بە درووشمی "بەرەو کوردستانێکی ئاوەدانتر" کێبڕکێی لایەنەکانی دیکە دەکات و دەڵێن، بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی کوردستانە.
درووشمی سەرەکی پارتیش "بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز"ە. خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "تێڕوانینی خۆمانمان هەیە بۆ ئایندەی کوردستان، بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆمانمان هەیە و لەو بەرنامەیە دەکرێت دەنگدەر و هەموو هاووڵاتیان ئاشنای ئەو بەڵێن و خواست و ویستانەی پارتی بن بۆ ئایندەی کوردستان".
بزووتنەوەی گۆڕان بە درووشمی" گۆڕان هێزی گۆڕانکارییە" پلانیوایە بۆ دوو هەنگاو بێتە مەیدان، بەرلە دەنگدان ئاشتکردنەوەی خەڵک لەگەڵ سندووقەکان و دوای هەڵبژاردنیش بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هێنانەدی یەکسانی.
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ژیانێکی خۆشگوزەران، دادگەری کۆمەڵایەتی، گۆڕینی سیستمی حکومڕانی، شەفافیەت، دابەشکردنی یەکسانی لە بودجە و سەروەت و سامانی گشتی ئەمانە دەکەینە
پێوەری ئەساسی بۆئەوەی حکومەتێکی بەهێز و پەرلەمانێکی بەهێز و کیانێکی بەهێزمان هەبێت".
نەوەی نوێ دەڵێن، بۆ گۆڕێنی هەموو سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان دروستبووین، هێزە ئیسلامییەکانیش لە دوو قەوارەدا، یەکگرتوو و بزووتنەوە دروشمیان "چاکسازی"یە و کۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێن" بەردەوامین و کۆڵنادەین".
هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵ دەڵێت: "بێهیوایی زۆر هێندراوەتە ئاراوە ئەم بێهیواییە وا لە ئێمە دەخوازێت بە خەڵکی خۆمان بڵێین بە خەڵکی کوردستان بڵێین ئێمە لە هیچ بارێکدا لەژێر هیچ زەخت و فشارێکدا و لە هیچ بارودۆخێکدا ئامادەنین کۆڵبدەین، بەردەوامین لەسەر سیاسەتەکانی پێشوومان کە هەمیشە خۆمان لەبەرەی خەڵکدا
بینیوەتەوە".
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ