رووداو - هەولێر
مەلا محەممەد رەبیعی، کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و پێشنوێژی پێشووی سوننییەکانی شاری کرماشان، ئێوارەی رۆژی 12ی سەرماوەزی ساڵی 1375ی هەتاوی پەیکەری بێ گیانی لەسەر شەقامێکی شاری کرماشان دۆزرایەوە. رەبیعی ساڵی 1311 لەگوندێکی ناوچەی دیواندەرە لەدایکبوو و خوێندنی مەلایەتی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تەواوکرد.
مەلا محەممەد رەبیعی بە مامۆستایەکی شارەزا لە ئایین، قورئانخوێنێکی دەنگخۆش، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر هەژما دەکرێ. رەبیعی پێش شۆڕشی ئێران بەرنامەیەکی ئایینی لە رادیۆ کرماشان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرد. رەبیعی خاوەنی 33 کتێبە لە بوارە جیاوازەکان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی. دوای شۆڕش و لەساڵی 1357ی هەتاوی بووە پێشنوێژی سوننییەکانی شاری کرماشان و بەگوتەی دانیشتووانی ئەو شارە، تەنانەت بۆ کوردانی شیعەش جێگەی متمانە بووە و زۆرجار بۆ چارەسەری کێشەکانیان سەردانیان کردووە.
پزیشکی دادوەری پارێزگای کرماشان دوای دۆزرانەوەی تەرمی مامۆستا رەبیعی، هۆکاری مردنەکەی بە جەڵتەی دڵ لە قەڵەمدا، بەڵام لایەنگران و خەڵکی کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان ئەوەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند مامۆستا رەبیعی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرلەبەیانی رفێندراوە و دواتریش کوژراوە.
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە رۆژی 13ی سەرماوەز بووە گۆرەپانی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت لەو شارە. ئەو ناڕەزایەتییانە زوو شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان لەوانە پاوە، جوانڕۆ، روانسەریشی گرتەوە و بڕیاربوو ناڕەزایەتییەکان بکێشرێنە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە حکومەت بە پێڕەوکردنی رێوشوێنی توندی ئەمنی پێشی پێگرت. ئەو ناڕەزایەتییانە ژمارەیەک کوژراو و هەروەها چەندین برینداریان لێکەوتەوە و زۆرکەسیش بەو هۆیەوە دەستگیرکران. خۆپێشاندانەکان بە لێدوانێکی بنەماڵەی مامۆستا رەبیعی لە تەلەڤزیۆنی حکومی کۆتاییان پێهات کە رایانگەیاند، هۆکاری مردنەکە سرووشتی بووە. ئەگەرچی دواتر راگەیێندرا کە بنەماڵەکەی لەژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا ئەو لێدوانەیان داوە.
گیان لەدەستدانی مامۆستا رەبیعی لەلایەن دژبەرانی حکومەتی ئێرانەوە بە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی قەتڵە زەنجیرەییەکان دەزاندرێ کە دواتر زۆریەک لە رەخنەگر و نەیارەکانی حکومەتی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا کردە ئامانج. محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بە هۆکارەکانی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی کورد و داواکردنی مافە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ناڕەزایەتی بە بێڕێزیکردن و کوشتنی ئەحمەدی موفتی زادە، کەسایەتی سیاسی و ئایینی مامۆستا رەبیعیان کوشت. هەروەها بەگوتەی هەندێ چالاکڤانی نزیک لە مامۆستا رەبیعی، حکومەتی ئێران هەوڵیداوە ناکۆکی مەزهەبی بخاتە نێو دانیشتووانی کرماشان و لەرێگەی هەستی مەزهەبییەوە، شیعەکانی کرماشان بەرەو ناوەند و حکومەت رابکێشێ و بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە، کەسایەتی مەلا محەممەد رەبیعی بە بەربەستێک دەبینی.
دوای 18 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مردن یان کوشتنی مەلا محەممەد رەبیعی، جگە لەوەی کە هەندێک کەس بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینەوە سزادران، هێشتا لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەن لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی نەکراوە و بنەماڵەی ئەو کەسانەش کە رۆڵەکانیان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژران، هێشتا چاوەڕێی سزادانی بکوژەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ