گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، نرخی کرێی خانووی لە هەرێمی کوردستان بەرێژەی 40% دابەزاند، ئێستا مەرجی وەرگرتنی پێشەکی نەماوە و کرێنشینان بە ئاسانتر خانووی کرێیان دەست دەکەوێت.
محەممەد سابیر، خاوەنی کۆمپانیای بەکرێدانی خانوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەزینی کرێ لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە شارەکانی ناوەڕاستی عێراق لە دەستی داعش سەندرانەوە، حکومەتی عێراق فەرمانبەرەکانی خۆی ناچار کرد کە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەو فەرمانبەرانەش لەبەر ئەوەی داهاتیان کەمبوو لە شوێنە هەرزانەکان نیشتەجێبوون وەک گەڕەکە میللیەکان، ئیتر دابەزینەکە سەبر سەبر دەستیپێکرد دەتوانین بڵێین ئێستا نرخی کرێ بۆ 40% دابەزیووە".
دوای گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان لە زۆربەی کوچە و کۆڵانەکانی شار خانووەکان تابلۆیان لەسەرە بۆ کرێدان، ئێستا نرخی خانوویەکی 100 یان 125 مەتری لە 750 دۆلارەوە دابەزیووە بۆ 450 دۆلار، خواست لەسەر بەکرێگرتنی خانوو کەمبووەتەوە بەوهۆیەوە لەنێو خاوەن نووسینگەکانی بەکرێدانی خانوو کێبرکێی نرخ دروستبووە.
دیدار محەممەد، خاوەنی نووسینگەی بەکرێدانی خانوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش دوومانگ کە عەرەبەکان لێرەبوون ئەو خانووە تاوەکو 700 هەزار بەکرێ چووبوو، بەڵام ئێستا لەوەتەی ئەوان رۆیشتوونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان ئێستا بە 450 هەزار دیناریش کەس نایگرێت".
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 90 هەزار کرێنشین هەن، بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان و چۆڵبوونی ژمارەیەکی زۆری خانوو و کەمبوونەوەی نرخ، ئێستا کرێنشینان سکاڵای دەرکردنیان لە خانوو و بەرزکردنەوەی نرخ پێشکەش ناکەن.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان



