رووداو - رانیە
باران و تەرزەی ئەمساڵ، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان لە وشکە ساڵی رزگارکردووە، بەڵام لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان زیانی گەورەی بەو بەرهەمە کشتوکاڵیانە گەیاندووە، کە لەم وەرزەدا گوڵ دەکەن، بەو هۆیەوە پێدەچێت جوتیارانی هەندێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بۆ ئەمساڵ باخەکانیان بێ بەرهەم بێت.
ئەمساڵ بەشێک لە جوتیارانی دەڤەری راپەڕین لە بەرهەمهێننەوە دەبنە بە کاربەر، چونکە تەرزە بەرهەمی رەز و باخەکانی لەنێوبردوون، بەشێکی دیکەش لە جوتیاران کە بەرهەمی میوەیان لەنێوچووە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی هاوینی بچێنن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.
ژمارەیەك جوتیار كە قسەیان بۆ رووداو كردووە، باس لەوە دەكەن، ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو ناتوانن میوە لەنێو رەز و باخەکانیان بەرهەم بهێنن، چونکە بارینی تەرزە بەرهەمەکەی لە نێو بردوون.
عەبدوڵڵاا محەممەد، كە پیشەی جوتیارە دەڵێت"هەنار، قەیسی، خۆخ، هەڵوژە و گوێزمان هەبوون ئەویش بەهۆی بارینی تەرزە بەرهەمەکەیان لەنێوچوون، بەڵام ئێمە ناچارین کە باخەکانمان خزمەت بکەین و ناکرێت بە جێیان بهێڵین، ئەگەر هیچ بەرهەمێکیشمان نەبێت".
هەرچەندە بەشێک لە درەختەکان بەهۆی تەرزە بەرهەمەکانیان هەڵنەوەریوە، بەڵام جوتیاران دەڵین ئەو چرۆ و بەرهەمانە وشکبوونە و سودیان لێ نابیندرێت.
جوتیاران دەڵێن، ئەمساڵ لە دوو کاتی جیاواز لە ناوچە شاخاوییەکان تەرزە باریوە و هێشتا دیار نییە چەند زیان بەر رەز و باخەکانیان کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ