قایمقامی دهۆک: سووتەمەنی بۆ نانەواخانەکان دابین دەکەین تاوەکو نرخی نان گران نەبێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی دهۆک رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نان، حکومەت گازی پێویست بۆ نانەواخانە و فڕنەکان دابین دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا ئەمڕۆ 2500 بتڵ گاز دابەشکراون و دۆخی بەنزینی حکومیش بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
 
رۆژی شەممە، 4ـی نیسانی 2026، بریندار حەیدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکانمان بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک ناهێڵین نرخی نان گران بێت؛ بۆ ئەو مەبەستە رۆژانە سووتەمەنی (گاز) بە نرخێکی گونجاو دەدەینە زۆربەی نانەواخانە و فڕنەکان تاوەکو بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت."
 
لەبارەی دابینکردنی گازی ماڵان، قایمقامی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 2500 بتڵ گاز لە دهۆک دابەشکراون، کە بەشێکی دراونەتە نانەواخانەکان بۆ ئەوەی پرۆسەی کارکردنیان پەککەوتە نەبێت و ناچار نەبن نان گران بکەن.
 
بریندار حەیدەر لەبارەی نرخی بەنزین گوتی: "لە ئەمڕۆوە دۆخی دابەشکردنی بەنزینی حکومی زۆر باش بووە، لە حەوت وێستگەی جیاوازی دهۆک بەنزین بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک دابەشکراوە. سبەی دۆخەکە هێشتا باشتر دەبێت و وردە وردە هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە."
 
پێش جەنگ نرخی هەر بتڵێک گازی ماڵان 8,500 دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی 33,000 دینارە.
 
ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر فڕن و نانەواخانە، رێستۆرانت و چێشتخانەکان.
 
هۆکاری هەموو ئەمانە هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی عێراقە لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گازی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە گاز و کارەباش کە دابینکارەکەی هەر گازە لە 24 کاژێرییەوە بۆ زیاتر لە 10 کاژێری رۆژانە  کەمیکردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە