رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە گەرمیان راگیرا، بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، هۆکارەکە کەمکردنەوەی وەرگرتنی گەنمی سنوورەکەیە.
رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2023، مەریوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگرتنی گەنم لەلایەن سایلۆکانی سنوورەکەمانەوە راگیراوە، ئەویش وەکو هەڵوێستێک دژی کەمکردنەوەی وەرگرتنی بڕە گەنمی سنووری گەرمیان".
سەرەتا حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو 375 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام دوای رێککەوتنێکی هەولێر و بەغدا، بڕیاردرا 500 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت.
مەریوان عەبدوڵڵا دەڵێت، کاتێک بڕیاربوو 375 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت پشکی سنووری گەرمیان 36 هەزار تۆن دیاریکراوە و ئەوان لە کشتوکاڵ بەگوێرەی ئەو بڕە پشتگیرییان بۆ جووتیاران کردووە. گوتیشی: "کە وەرگرتنی گەنم کرایە 500 هەزار تۆن، 70 هەزار تۆن بۆ سلێمانی زیاد کرا، لە جیاتی ئەوەی پشکی گەرمیان زیاتر بکرێت کەمکراوەتەوە بۆ 31 هەزار تۆن، لە بەرامبەردا ناڕەزایی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە و وەرگرتنی گەنم راگیراوە".
بەڕێوەبەری پلاندانانی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، سایلۆکان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانن، بەڵام چونکە گەنمەکە بۆ حکومەتی عێراق وەردەگرن ئێستا بڕیارەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن. گوتیشی: "لەسەر هێڵین بۆ زیاترکردنی پشکی گەرمیان؛ هیچ نەبێ وەکو خۆی لێبکەنەوە".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کشتوکاڵی گەرمیان، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لەو سنوورە نزیکەی 100 هەزار تۆن دەبێت.
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، جووتیاران نرخەکەیان پێ گونجاوە، بەڵام نیگەرانن لەوەی هەموو بڕە گەنمەکەیان لێ وەرناگیرێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبوو، لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.
ساڵی رابردوو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ کە لە 27ـی ئایارەوە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە، بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی حکومەتی عێراق سنووری داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ