رووداو دیجیتاڵ
مەیدانی ئاژەڵانی شاری هەولێر کە ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قورباندا جمەی دەهات لە کڕیار و فرۆشیار، ئەم ساڵ دیمەنێکی جیاوازی هەیە. سەرەڕای دابەزینی نرخ و زۆریی ئاژەڵ، کڕیار لە بازاڕەکەدا بەدەگمەن دەبینرێت، ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لای فرۆشیاران دروستکردووە.
بەگوێرەی فرۆشیاران و هاووڵاتییان، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەو دۆخەوەن: یەکەمیان دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانە کە وایکردووە توانای کڕینی قوربانییان نەبێت یان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە. دووەمیشیان، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە کە ترس و دڵەڕاوکێی لای بەشێک لە هاووڵاتییان دروستکردووە سەبارەت بە سەلامەتی ئاژەڵەکان.
شەعبان مەجید، کە زیاتر لە 50 ساڵە فرۆشیاری ئاژەڵە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، بە نیگەرانییەوە بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ کەس قوربانی ناکات، چونکە جووڵە لە بازاڕ نییە. نەبوونی پارە، مووچە و پەتای خوێنبەربوون هۆکاری سەرەکین. ئێستا ئاژەڵێکی زۆر هەیە لێرە، بەڵام کڕیار نییە. پار رۆژانە 16 جار کڕین و فرۆشتنم دەکرد بۆ قوربانی، بەڵام ئەم ساڵ رۆژانە دانەیەک دەفرۆشم یان نا. دۆخەکە زۆر خراپە."
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی حکومەت بۆ قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵاندا، خەڵکی ساردکردووەتەوە لە ئەنجامدانی قوربانی، چونکە "بە بیروباوەڕی خەڵک دەبێت قوربانی لە ماڵەکانیان ئەنجام بدەن."
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەم رۆژی جەژن، بازاڕەکە کەمێک جووڵەی تێبکەوێتەوە، بەڵام فرۆشیاران پێیان وانییە بگاتە ئاستی ساڵانی پێشوو ئەگەر دۆخی مووچە و نیگەرانییە تەندروستییەکان چارەسەر نەکرێن.
جەژنی قوربان یەکێکە لە دوو جەژنە سەرەکییەکەی موسڵمانان و تیایدا یادی فیداکاریی پێغەمبەر ئیبراهیم (درودی خوای لێبێت) دەکرێتەوە. یەکێک لە کارە سەرەکییەکان لەم جەژنەدا، سەربڕینی ئاژەڵ و دابەشکردنی گۆشتەکەیەتی بەسەر دراوسێ و هەژاراندا.