رووداو دیجیتاڵ
دوو بنەماڵە لە باکووری کوردستان کە پێشتر چەند جارێک دەمەقاڵێیان هەبووە، چەکیان بەرامبەر یەکدی بەکارهێنا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و یەکێکی دیکەش بریندارە.
رووداوەکە لە گەڕەکی نورتەپە لە سنووری پارێزگای دیلۆک روویدا. ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵە کە دەگوترێت دوژمنداری لە نێوانیان هەبووە، سەرەتا دەمەقاڵێیان هەبووە؛ دواتر کێشەکە سەری کێشاوە بۆ شەڕ و تەقە کراوە.
لە رووداوەکەدا شاهین ئەرشەن (23 ساڵ)، سەلمان چەڤیک (32 ساڵ) و عیزەت کاڕاکۆچ (40 ساڵ) تەقەیان لێکرا و هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا؛ هەروەها کەسێکی دیکەی تەمەن 23 ساڵ بە سەختی بریندار کرا.
دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس چوونە شوێنەکە؛ تەرمەکان گوێزرانەوە دادپزیشکی و بریندارەکەش بردرایە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە دیلۆک.
تیمەکانی هۆبەی هێزی تایبەتی سەربە ئاسایشی پارێزگاکە رێوشوێنی ئەمنییان لە گەڕەکەکەدا گرتەبەر و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە 3 هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە و لە ئەنجامدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ