داعش دان بەوەدادەنێ كە شەڕی لەگەڵ پێشمەرگە سەختبووە

04-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن داعش
A+ A-

 

رووداو - موسڵ

 

لە دوای گرتنی قەزای شنگال، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) لە راگەیێندراوێكدا دەڵێن شەڕەكەیان لەگەڵ پێشمەرگە سەخت بوو .

رۆژی یەكشەممە 3/8/2014 چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر شنگال و دوای كشانەوەی پێشمەرگە چوونە قەزاكەوەو كوشتوبڕیان دەستپێكردووە.

زانیارییە سەرەتاییەكان باس لەوەدەكەن كە ئەو چەكدارانە داوایان لە خەڵكی شنگال كردووە ، كە یان دەبێ ببنە ئیسلام یان دەكوژرێن و تائێستا 10 گەنجیان كوشتووە.

لەو راگەیێندراوەدا كە داعش لە پەیجە فەرمییەكانی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردووەتەوە دەڵێن: "هێزێكی گەورەی خەلافەتی ئیسلامی" كە " بۆ تەواوكردنی فەتحی پیرۆز كە چەند رۆژێكە دەستیپێكردووە بەرەو ناوچەكانی باكووری رۆژئاوای ویلایەتی نەینەوا بەڕێكەوتوون".

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا باسی ئەو شوێنانە دەكات كە دەستیان بەسەرداگرتووە لەوانە: شنگال، رەبیعە و وانكێ لە نزیك موسڵ.

داعش ئاماژە بەوەشدەكات كە "شەڕێكی سەختیان" لەگەڵ پێشمەرگە و ئاسایشدا كردووە، كە بە "میلیشیا" و "عەسابە"ی كوردی عەلمانی ناوی بردوون.

دوای هێرشەكەی داعش بۆ سەر شنگال، ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزدی ئاوارەبوون بۆ سەر چیاكان و بەشێكیشیان هاتوونەتە باشووری كوردستان. سەرچاوەیەكی تۆڕی میدیایی رووداو لە چیای شنگالەوە دەڵێ : "لە ماوەی چەند كاژێری رابردوودا لێرە دە منداڵ و پێنج بەساڵداچوو گیانیان لەدەستداوە".

ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی: "من بەدەستی خۆم بەشداریم لە ناشتنی دە منداڵ و پێنج بەساڵداچوودا كردووە. ژمارەیەكی زۆر لە منداڵانیش تەندروستییان خراپە. ئەوانەی كە ناشتوومانن هەندێكیان تەنیا بە بەرد دامانپۆشیون و كەلوپەلی پێویستمان نەبووە بۆ ناشتنیان".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "لێرە تراژیدیایەكی گەورە هەیە. نان و ئاو نییە ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە