رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، لە بەرەبەیانەوە چاوەڕوانی فڕۆکەن بۆ گەشتکردن بۆ تورکیا و فڕۆکەکەیان ئامادە نەبووە. بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەکە دەڵێت، کاژێر 12:45 خولەکی دوای نیوەڕۆ فڕۆکەکەیان ئامادە دەبێت و گەشتی تورکیا دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەند هاونیشتمانییەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، گەشتی تورکیایان هەبووە و فڕۆکەکەیان نەچووەتە فڕۆکەخانە و خەڵکێکی زۆر لە فڕۆکەخانە لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.
ژمارەی گەشتیارانی گەشتەکە 170 کەسە. سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیار بوو کاژێر 02:55ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەشتێکمان بۆ تورکیا هەبێت، بەڵام گەشتەکە بەهۆکاری تەکنیکی دواخراوە و کەوتووەتە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ. بڕیارە کاژێر 12:45ـی خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەشتەکە ئەنجام بدرێت".
لە هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر، بەڵام لە 3ـی نیسانی ئەمساڵەوە تورکیا بەهۆکاری "ئەمنی" گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرتووە.
هاوکات بەرپرسانی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین بە پەیامنێری رووداویان گوتووە، هۆکاری دواکەوتنی گەشتەکە تێکچوونی جی پی ئێسی فڕۆکەیەکی ئەو کۆمپانیایە بووە کە ویستوویەتی بێتە فڕۆکەخانەی هەولێر و بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی ئامەد نیشتووەتەوە، بڕیارە فڕۆکەیەکی دیکەی تورکیش ئێرلاین کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە ئامەدەوە بگاتەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و ئەو گەشتیارانە بگوازێتەوە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ