بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی سەرسنگ لە دهۆک؛ "کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرهەمهێنانی نەوت رادەگرێ"

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
حەیدەر دۆسکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک. راوێژکاری ئاسایشی کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێ، هێرشەکە زیانی هەبووە و لە ئەنجام دا کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکەدا وەستاندووە. 
 
کاروان بابان، راوێژکاری ئاسایشی کۆمپانیاکانی نەوت لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە سنووری پارێزگای دهۆک کە لە لایەن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکیەوە بەڕێوە دەبرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمشەو بە دوو درۆن لە کاژێر 9:23 خولەک و 9:30 هێرش کرایە سەر کێڵگەی سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک". 
 
کاروان بابان گوتی، هێرشەکە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام زیان بەر کێڵگەکە کەوت و لە ئەنجام دا کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکەدا وەستاند.
 
هەر ئەمشەو هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەکی دیکە لە هەرێمی کوردستان. 
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران، ئەمشەو رایگەیاند، نزیکەی 9:50 خولەکی ئەمشەو هاونیشتمانییانی سۆران گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بوو. 
 
ئەندام جەبار گوتی، درۆنەکە لە نزیک ماڵی شەهید عال موهاجیر کەوتوەتە خوارەوە و هەر زوو هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە. 
 
هاوکات هەر ئەمشەو، درۆنێک لە سنووری گوندی کەوەرتە لە سنووری چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە خوارەوە. 
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو گوتی، درۆنەکە لە چۆڵەوانییەک کەوتوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە