رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداریی کەم ناسراو بە ناوی (موقاوەمەی ئیسلامی - ئەسحابولکەهف (کەتائیبی هاواری قودس) دەڵێ، هێرشی درۆنی کردووەتە سەر "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک".
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمشەو بڵاوکراوەتەوە، گرووپەکە دەڵێت: "وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ خوێنی ئیمام خامنەیی، شەهیدی نەتەوە و رێبەرەکەمان، بەرژەوەندییەکانی دووژمنی ئەمریکی و کرێگرتەکانیانمان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لە باکووری عێراق کردنە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەو گرووپە چەکدارە، هێرشەکە رۆژی پێنجشەممە کراوە و تێیدا "دوو درۆن" بەکارهاتوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمشەو ژمارەیەک درۆن لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کەوتنە خوارەوە.
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران، ئەمشەو رایگەیاند، نزیکەی 9:50 خولەکی ئەمشەو هاونیشتمانییانی سۆران گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بوو.
ئەندام جەبار گوتی، درۆنەکە لە نزیک ماڵی شەهید عال موهاجیر کەوتوەتە خوارەوە و هەر زوو هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە.
هاوکات هەر ئەمشەو، درۆنێک لە سنووری گوندی کەوەرتە لە سنووری چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە خوارەوە.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو گوتی، درۆنەکە لە چۆڵەوانییەک کەوتوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
هاوکات حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، دەوروبەری کاژێر 10:00ی شەوی پێنجشەممە، دوو درۆن کە ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناحیەی چەمانکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک کرابوون، خرانەخوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان هەبێت.
مەجید بێرکیاتی، موختاری گوندی بێرکیات لە سنوورەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەردوو درۆنەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ