رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەنجێکى ناحیەى بەرزنجە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، بەدەستڕێژى گوللە کوژرا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش رایدەگەیێنێت کە تۆمەتباری کوشتنی گەنجەکەیان دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-05-2021 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووکی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە ئاماژەی بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کردووە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 1 لە نزیک گوندی دەرەتەک لە سنووری قەزای سەیدسادق تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کردبوو، لە ئەنجامدا گەنجێکی کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەو گەنجەی کە بە دەستڕێژی گولـلە گیانی لەدەستداوە ناوی ئەمیر تەهایە. رێبین عومەر، بەڕێوەبەرى ناحیەى بەرزنجە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو گەنجە لەگەڵ برایەکى و هاوڕێیەکى دیکەى چوون بۆ سلێمانى بۆ کڕینى جلوبەرگى جەژن، دواى گەڕانەوەیان لە نزیک گوندى دەرەتەتى نزیک لە بەرزنجە، لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەیان لێدەکرێت و یەکێک لە گەنجەکان کە تەمەنی 20 ساڵە دەکوژرێت، برا و هاوڕێکەشى بریندار دەبن."
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاتووە کە دەستیان بەسەر چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا گرتووە، لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکەشەوە ئاماژە بەوەدراوە، کەسەکە ناوی (س ، م ، م)ـە و لەدایكبووی 1986ـە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا بەردەوامە و هەر كەسێك لەم دۆسیەیە تێوەگلابێت دەستگیردەكرێت و رووبەڕووی یاسادەكرێتەوە.
بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، رێژەى کوشتن و خۆکوشتن لە 4 مانگى ئەمساڵ بەراورد بە هەموو 2020، زیادى کردووە، بە جۆرێک کە خۆکووشتن 25% و کووشتنیش 225% زیاتر بوون هۆکارى زۆرینەشیان، کێشەى کۆمەڵایەتییە.


.png&w=3840&q=75)
