رووداو-رادیۆ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، رێکارە کارگێڕییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا قۆناخێکی باشیان بڕیوە و بڕیارە لەم مانگەدا قۆناخی یەکەمی زەوییەکان دابەش بکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە سنوورەکەدا 24 هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
ئەندازیار رێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی رووداو رایگەیاند: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کە 12 شارەوانی لەخۆدەگرێت، وردبینی بۆ ناوی 24 هەزار فەرمانبەر کراوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین. لەو ژمارەیە نزیکەی 9 هەزار و 500 فەرمانبەریان دەکەونە سنووری شارەوانیی رانیە و 14 هەزار و 500 فەرمانبەرەکەی دیکە دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی دیکەی ئیدارەی راپەڕین."
دەستپێکی دابەشکردن و سیستمی خاڵبەندی
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی زەوییەکان، رێباز پیرۆت ئاشکرای کرد: "ئێستا نزیکەی 2 هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادە و بێ کێشەمان لەبەردەستە. بەرنامەمان وایە لەم مانگەدا (مانگی ئایار) وەک هەنگاوی یەکەم دەست بە دابەشکردنیان بکەین، بەتایبەت لە سنووری شارەوانییەکانی چوارقوڕنە، حاجیاوا، قەڵادزێ و هەڵشۆ."
گوتیشی: "دابەشکردنەکە بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و فەرمانبەران لە سنووری شارەوانییەکانی خۆیان زەوی وەردەگرن. بۆ ئەو شارەوانییانەشی کە زەوییان تێدا نییە، فەرمانبەرەکانیان بۆ نزیکترین شارەوانی دەگوێزرێنەوە، وەک گواستنەوەی فەرمانبەرانی هێرۆ و ئیسێوە بۆ قەڵادزێ و، شکارتە بۆ حاجیاوا."
ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، گرفتی سەرەکییان "کەمیی زەوی" و "قەرەبووی زەوییە کشتوکاڵییەکانە". گوتیشی: "لە رابردوودا بڕیارێکی سەرۆکی حکومەت هەبووە بەوەی رێژەی قەرەبووی زەوی کشتوکاڵیی سنوورەکەی بە 4% دانابوو، بەڵام ئێستا رێژەی 2% بۆ قەرەبوو دیاریکراوە کە گرفتی بۆ دروست کردووین؛ داوامان کردووە رێژەکە بکرێتەوە بە 4% تاوەکو خاوەن زەوییەکان رازی بن و زەویی زیاترمان بۆ فەرمانبەران بەردەست بێت."
پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و قەیرانی دارایی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێباز پیرۆت باسی لە راگیرانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کرد و گوتی: "بەهۆی نەمانی تەمویلی پڕۆژەکان لە لایەن حکومەتەوە لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، پڕۆژەکانمان وەستاون."
ئاشکراشی کرد، بە بەهای 24 ملیار دینار پڕۆژەیان هەیە کە رەزامەندییان بۆ درابوو، بەڵام تەمویلیان نییە، جگە لەوەی نزیکەی 50 ملیار دینار پڕۆژەی کۆنی پێش ساڵی 2014ـیان هەیە و راگیراون.
کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و ریسایکڵین
سەبارەت بە پرسی ژینگە، ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانە نزیکەی 400 تۆن خۆڵ و خاشاک لە دەڤەرەکە کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی رێگریی هاونیشتمانیان لە شوێنی پڕۆژەکان، تاوەکو ئێستا کارگەی ریسایکڵین دروست نەکراوە و پاشماوەکان ژێرخاک دەکرێن.
هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە رێگەی بۆردی وەبەرهێنانی راپەڕینەوە لە هەوڵدان تاوەکو لە لایەن وەبەرهێنەرێکی ناوخۆییەوە کارگەیەکی ریسایکلین لە سنوورەکەدا دروست بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ