رووداو-هەولێر
حکومەتی کوردستان سیستەمی کارتی زیرەک بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێت و 24 کاژێر کارەبا دەدات، پڕۆژەکە زیاتر لە ساڵێک دەخاێنێ گرفتی کارەبا چارەسەر دەکات و، سەدا 45ی کارەبای دزراو دەگێڕێتەوە.
لەم قۆناخەدا وەزارەتی کارەبا 2 کاژێر کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات و، لە مانگی داهاتووەوە کارەبا رۆژانە لە 10 کاژێرەوە دەبێ بە 12.
سێ هەفتەیە بێ کارەبایی و گەرمای هاوین خەڵکی کوردستانیان هەراسان کردووە، خەدیجە دایکی چوار منداڵە لە گەڕەکی سێتاقان لە شاری هەولێر لەگەڵ دراوسێکانیان لەم گەرمایەی هەولێردا گیر و گرفتیانە لەدەست نەبوونی کارەبا. خەدیجە دەڵێت: "کوا کار ەبای نیشتمانیی هەر نییە، جرت و فرتیەتی زۆر بەکەمی هەیە، ئێستا پشت بە کارەبای موەلیدە دەبەستین، بەڵام ئەوەندە لاوازە موبەریدەکانیش پێنابن".
نەبوونی کارەبا وایکردووە ژن و پیاو و منداڵەکان ناو ماڵی خۆیان بەجێبهێڵن و لە سێبەری بەردەرگاکان دابنیشن، وەک خۆیان دەڵێن خەویان لێ حەرام بووە.
هاونیشتمانییەک دەڵێت: "کاکە چوار ئەمپێر کارەبای موەلیدەم هەیە یەک موبەریدە پێدەکەم ئەویش فیوز دەکات ئەوە دراوسێیەکانمان هەموو دەزانن، داوا لە حکومەت دەکەم کارەبای نیشتمانی بکاتە ئەمپێر و دابەشیبکات بۆ ئەوەی بەشی هەموویان بکات".
هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت: "باشتر وایە حکومەت بۆ هەر ماڵێک 20 ئەمپێر دابنێت بۆ ئەوەی کارەبا بەش بکات، مردین بەدەست نەبوونی کارەبا".
دایک و باوکان بە خواردنی ساردەمەنی منداڵەکانیان لەنەبوونی کارەبا دەخافڵێنن. پیاوێک لەبەر نەبوونی کارەبا باسی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات و دەڵێت "کارەبای موەلیدە وادەکات من و خێزانم و منداڵەکانم و دایکم و باوکم لە یەک ژوور بخەوین و ئەمەش رۆژێک و دووان و سیان نییە، وادەکات لەگەڵ خێزانەکەم لەیەکدی نزیکنەبینەوە".
وەزارەتی کارەبا دەڵێ چاک دەزانین کارەبا بەشی هاونیشتمانیان ناکات، بەڵام پلانی پێوەری زیرەک لەبەردەستمانە کە دەبێتە هۆی دابینکردنی کارەبا لە 24 کاژێردا.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا نزیکەی 45%ی ئەو کارەبایەی بەرهەمدەهێنرێ دەدزرێ و بەفیڕۆ دەڕوات، ئەگەر ئەوە نەبێ دەتوانین بەم گەرمایە هەتاوەکو 18 کاژێر کارەبا دابینبکەین.
بەپێی رووپێویکی وەزارەتی کارەبا کە دەست رووداو کەوتووە، دەردەکەوێ هەر خانوویەکی 200 مەتری کە دوو سپلیتی هەبێ لەگەڵ موبەریدە و پێداویستییەکانی نێوماڵ لە کوردستان پێویستی بە 1500 کێلۆوات کارەبا هەیە لەمانگێکدا، بەڵام زێدەڕۆییەکە بەشێوەیەکە چوار هەزار کێلۆوات بەکاردەهێنن.
قەیرانی کەمیی کارەبا ئەو پڕۆژانەی نەگرتووەتەوە کە کارەبا بە کارتی زیرەک بەرهەمدەهێنن. هاونیشتمانییەک دەڵێت: "کارەبای 24 کاژێریمان هەیە، هەموو شتێک پێدەکەین، مانگانە نزیکەی 100 دۆلار خەرجدەکەین، بەڵام ماڵی دیکەش هەیە کەمتر خەرجدەکات، پێمباشە کارەبا بەم سیستەمە لە کوردستان دابەشبکرێ، ئەو کات هەژار و دەوڵەمەند بەردەوام کارەبایان دەبێت".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ