رووداو - هەولێر
لەگەڵ هەوڵەکان بۆ کردنەوەی رێگەی هەولێر - کەرکووک، یەکێک لەو خاڵانەی عێراق باسی دەکات، دانانی گومرکە لەسەر رێگەی سلێمانی - کەرکووک و هەولێر- کەرکووک، ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق لە بازگەی سەفرا، ئەو کاڵا و بەرهەمانە گومرگ دەکات کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێن بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
ئەمین بەکر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانانی گومرگ لەنێوخۆی عێراق و لەنێوان هەرێمەکان، نادەستوورییە و چەندینجار داوای هەڵگرتنی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقمان کردووە، بەڵام عێراق لابردنی گومرگی بەستووەتەوە بە رادەستکردنەوەی داهاتی گومرگەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە حکومەتی ناوەندی.
ئەمین بەکر گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەو بارەوە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات.
لەلایەکی دیکەوە و بەگوتەی بازرگانان و یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: گومرگی سەفرا لە پارێزگای دیالە، کێشەو گرفتی بۆ بازرگان دروستکردووە و، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی هاوردەکرن لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
بۆ ئەوەی بازرگانان دووجار گومرگ نەدەن، لە خاڵە سنوورییەکانی دیکەوە کاڵا بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەنێرن و دانانی هەر گومرگێک لە ناوخۆی عێراق هەمان کێشە دروستدەکاتەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی عێراق بازگەی گومرگی سەفرای لە ناحیە عوزێم لە پارێزگای دیالە داناوە، هەموو ئەو کاڵایانە گومرگ دەکات کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عیراق هەناردە دەکرێن، ئەو کاڵایانەی لە ئێران و تورکیاوە بۆ ئەو ناوچانە دەنێردرێن، لە خاڵە سنوورییەکان هەرێمی کوردستان و لە بازگەی سەفراش حکومەتی عیراق گومرگیان دەکات.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار



.jpg&w=3840&q=75)
