بەرپرسێکی باڵای سۆسیال دیموکرات بۆ رووداو: 9 پێشمەرگەمان دەستگیرکراون

05-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی باڵای پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی هەڵەبجە نۆ پێشمەرگەیان دەستگیرکردوون. بەرپرسێکی ئاسایشی شارەکەش رەتیدەکاتەوە.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە سازگار سەلاح، پەیامنێری رووداوی گوت: "03ـی ئاب، ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی هەڵەبجە – سەیدسادق نزیک بازگەیەکی سۆسیالیست تەقەی کردووە، پێشمەرگەکانی بازگەکە دوای کەوتوون و تەقەیان لێکردووە، چەند گولـلەیەک بەر ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەک کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە، رووداوەکە لەوەوە دروستبووە".
 
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوێنێ  لە نزیک گوندی گوڵەخانە کە بارەگا و سەرۆکی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی لێیە، هێزە ئەمنییەکان بازگەیەکیان داناوە "هەر کەسێک ناسنامەی پێشمەرگەی سۆسیالیستی پێ بووە دەستگیریان کردووە".
 
بەگوتەی بەرپرسانی سۆسیال دیموکرات، نۆ پێشمەرگەیان دەستگیرکراون و لە "ژووری تاکەکەسی لە هەڵەبجە دەستبەسەر کراون".
 
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "هیچ کەیسێکی لەو شێوەیە لای ئێمە نییە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو پێشمەرگانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەڵەبجەوە دەستبەسەر کراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە