گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی یەکشەممە 5-12-2021 دەزگای روانگە بە هاوبەشی رێکخراوی هەسار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی 'ملیۆنێك داربەڕووی' راگەیاند. لە هەمان رۆژدا هەشت هەزار و 500 بەڕوو بە شێوازی دەنک و نەمام چاندرا و وردەکاری تایبەت بە پڕۆژەکە روونکرایەوە.
 
پڕۆژەکە لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و هاندانی کولتووری دارچاندن لەناو کۆمەڵگەی کوردستان و دووبارە سەوزکردنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان. بیرۆکەکە تەنها چاندنی بەڕوو نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی ئەو ئیکۆسیستەمەیە کە لەپاڵ داربەڕوودا بوونی هەیە، داری بەڕوو ماڵی چەندەها زیندەوەر و باڵندەیە. جگە لەوەی کە تەبایە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی کوردستان، دارێکی خۆڕاگر و دێمی و بەهێزە. بەرگەی گەرمای هاوین دەگرێت.
 
پڕۆژەکە لە ساڵی 2020 لە لایەن رێکخراوی هەسار دەستیپێکرا بە چاندنی 2000 دار وەك تاقیکردنەوە و لە ساڵی 2021 ، هەشتا هەزار داری دیکە چاندرا. 
 
پلانی پڕۆژەکە چاندنی ملیۆنێك داربەڕووە لە کۆتایی ساڵی 2024، بەشێک لە پڕۆسەکە لەڕێگەی چاندنی نەمام ئەنجام دەدرێت لە ژێر خانووی پلاستیکی کە بۆ ماوەی ساڵێک سەرپەرشتی و ئاودانیان بۆ دەکرێت تاکو دەبنە نەمامێکی گەشەکردوو و بەهێز پاش تێپەڕبوونی ساڵەکە ژێر خاکدا دەچێنرێن و پڕۆسەی ئاودان و سەرپەرشتی کردنیان بەردەوام دەبێت تاوەکو دەبنە دارێکی خۆڕاگر. 
 
شێوازی دووەم بریتییە لە چاندنی راستەوخۆی دەنکی بەڕوو لە ژێر خاک کە دوای چاندن سیستەمی ئاودان بۆ دەنکی بەڕووەکان دادەنرێت و سەرپەرشتی دەکرێن تاکو گەشەدەکەن. لە کاتی چاندنی دەنکەکاندا بارودۆخێکی گونجاویان بۆ دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بەرگەی هەموو وەرزەکان بگرن.
 
پڕۆژەی ملیۆنێك داربەڕوو هەوڵێكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادکردنی دارستانی سرووشتی و ناوشار لە هەرێمی کوردستان.