هاوکاریی ئەو چەمچەماڵییانە دەکرێت کە لە لافاوەکەدا ئۆتۆمبێلیان زیانی بەرکەوتووە

دوێنێ کاژێر 06:14
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی هاوکاریی ئەو کەسانە بکرێت، کە بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە زیانیان بەرکەوتبوو، بڕی هاوکارییەکە کەمترینی 100 هەزارە دینارە و زۆرترینی 15 ملیۆن دینار. کۆمیسیۆنی بووژانەوەی چەمچەماڵ دەڵێت، دووبارە سەردانی ئەو ماڵانەیان کردووەتەوە لە کەمی یان نەبوونی هاوکاری سکاڵایان هەبووە.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ بۆ رووداو، سبەی 694 خاوەن ئۆتۆمبێل لە قەزای چەمچەماڵ هاوکاری دەکرێن، کۆی ئەو پارەیەش دەدرێتە ئەو کەسانە 919 ملیۆن و 350 هەزار دینار دەبێت.
 
سبەی چوارشەممە کاژێر 09:00ی بەیانی لە هۆڵی سالار فەقێ لە قەزای چەمچەماڵ هاوکارییەکان دابەش دەکرێت. بەگوێرەی کۆمیسیۆنەکە، کەمترین بڕی هاوکاری 100 هەزار دینار دەبێت و زۆرترین 15 ملیۆن دینار.
 
بڕی هاوکارییەکان بەگوێرەی زیانبەرکەوتووان بەم شێوەیە دەبێت:
 
- 3.7%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 100 هەزار دینار هاوکاری دەکرێنەوە.
- 5.8%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 150 هەزار دینار هاوکاری دەکرێن.
- 18.5%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 200 بۆ 499 هەزار دینار هاوکاری دەکرێن.
- 23%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 500 هەزار بۆ 1 ملیۆن دینار هاوکاری دەکرێن.
- 25.5%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە یەک بۆ دوو ملیۆن دینار هاوکاری دەکرێن.
- 19%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 2 بۆ 5 ملیۆن دینار هاوکاری دەکرێن.
- 3.17%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 5 بۆ 10 ملیۆن دینار هاوکاری دەکرێن.
- 1.3%ی زیانلێکەوتووان یەکی بە 10 بۆ 15 ملیۆن دینار هاوکاری دەکرێن.
 
رۆژی 07-12-2025 لافاو لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان دروستبوو، لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ زۆرترین زیانی مادی لێکەوتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵدا ئاماژە بەوەکراوە، تیمەکانیان دووبارە سەردانی هەندێک ماڵی سنوورەکەیان کردووە کە سکاڵایان کردووە لە کەمیی یان نەبوونی هاوکاری بۆیان.
 
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت: "50% سکاڵاکان داوای هاوکاری بوون و زیان لێ کەوتوو نەبوون و دەستبەجێ رەتکرانەوە. هەروەها بەشەکەی دیکەی شایستەی زیادکردنی هاوکاری بوون یان تۆمارکردنی نوێیان بۆ کرا".
 
لەبارەی وەرگرتنی هاوکاریی نوێیوە کۆمیسیۆنەکەی چەمچەماڵ دەڵێت، "سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری کۆمپانیایی ساوس کوردستان لە گەڕەکی ئەنفالەکانی چەمچەماڵ قوتابخانەیەک دروستدەکات. هەروەها هیوا شاوک، لە قادر کەرەم قوتابخانەیەک دروستدەکات".
 
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوو بەرنامەی تایبەتدا توانی نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆبکاتەوە، کە نزیکەی نیوەی کۆی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی کۆمیسیۆنەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە