یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، گەشە و پاشەکشە

06-02-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەکگرتوو
A+ A-
رووداو- هەولێر

بیست ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئەم هێزە پەسن دەکرێ بەوەی یەکەم هێزی مەدەنی کوردییە، کە بێ هێزی چەکدار دامەزرا و هەندێک کەس رەخنەی تووندی لێدەگرن، کە سەر بە ئیخوان موسلیمینە و نەیتوانیوە پرۆژەیەکی سیاسی و ئابووری روونی تایبەتی هەبێ بۆ کوردستان.

لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991، شانەکانی ئیخوان موسلیمین لە هەرێمی کوردستان بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان سەر بە خەتی یەک بوون بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین بەهائەدین و خەتی دوو بەسەرۆکایەتی سدیق عەبدولعەزیز. ناکۆکی هەردوو خەتەکە لەسەر بەرنامەی سیاسی و سەرکردایەتیکردن بوو. هەردووکیان خۆیان بە نوێنەری ئیخوان دەزانی.

بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، رێکخستنی نێودەوڵەتی ئیخوان هاتە دەنگ و لە نامەیەکدا مستەفا مەشهور، رابەری ئەو کاتەی مەکتەبی ئیرشادی ئیخوان، سەڵاحەدین بەهائەدین-ی وەک  سەرکردەی ژمارە یەکی ئیخوان لە هەرێمی کوردستان ناساند.

دوای شەرعیەت وەرگرتنی، سەڵاحەدین بەهائەدین دەچێتە لای مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و بە فەرمی پێیان رادەگەیەنێت، کە ئەوان حزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنن و سەربە ئیخوان موسلیمینن.

لە 6.2.1994، دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، ئیخوانەکانی هەرێمی کوردستان یەکەمین پارتی سیاسی بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رادەگەیەنن و رەنگی قاوەییش بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن.

یەکگرتوو توانی لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە هێزێکی جەماوەری کاریگەر لەبەر ئەم هۆکارانە:

1/ بوونی رێکخستنێکی شاراوەی ئیخوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی 1950.

2/ بوونی چەندین رێکخراوی خێرخوازی بەناوی رابیتە و ئیغاسە، کە لە رێگەی کۆکردنەوەی پارە لە وڵاتانی عەرەبی، چەندین مزگەوت و نەخۆشخانەیان دروستکرد.

3/ شەڕی ناوخۆیی نێوان یەکێتی و پارتی، کە زەمینەیەکی باشبوو بۆ گەشەی یەکگرتوو.

4/ چینێکی گەنج لە هەرێمی کوردستان، کە حەزیان بە کاری مەدەنی دەکرد و دژی شەڕی پارتە چەکدارەکان بوون.

5/ پێدانی پارەی مانگانە بە هەزارەها منداڵی بێ باوک.

6/ بەکارهێنانی مزگەوتەکان بۆ کاری رێکخستن.

7/ خاوەنی جوگرافیای سیاسی بوو، واتە لە زاخۆ  تاوەکو هەڵەبجە رێکخستنی هەبوو.

گەشەی یەکگرتوو بەردەوام نەبوو، لە وێستگەیەکدا وەستا و گەیشتە ئەوەی تووشی پاشەکشەبێت، بەتایبەتی لە رووی دەنگ و کاریگەری سیاسییەوە.

کادیرە باڵاکانی ئەو حیزبە بۆ ئەم هۆکارانەی دەگێڕنەوە:

1/ یەکگرتوو بووەتە سەنتەرێکی بانگەشەی ئیسلامی (دەعەوی) و هیچ پرۆژەیەکی سیاسی و ئابووری نییە، نمونەش لە هەڵبژاردنەکاندا تەنها بانگخوازەکانیان دەنگی زۆر دەهێنن و دەبنە هۆی دەرچوونی مەکتەبی سیاسییەکانیان.

2/ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و لێسەندنی ئاڵای ناڕەزاییەکان لە یەکگرتوو.

3/ رۆیشتنی چەندین گەنجی چالاک و رۆشنبیر.

4/ یەکلانەبوونەوەی خیتابی سیاسی لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن بوون و دەسەڵات.

5/  وەرگرتنی ئیمتیازات لەلایەن وەزیر و پەرلەمانتارەکانی یەکگرتوو.

6/ نەبوونی ناوەندی بڕیاردان و دەرکەوتنی جیاوازی نێوان دەڤەری بادینان و سلێمانی لە ناو ئەم حیزبە.

7/ وازهێنان و دانیشتنی چەند بەرپرس و کادیرێکی باڵا وەک: هادی عەلی، عەبدولڕەحمان سدیق.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە