کامێرای تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی هەولێر - خەبات دەکەوێتە کار

06-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە 12ـی ئەم مانگەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان هەولێر و قەزای خەبات دەکەونە کار.
 
کامێراکان لە کاژێر 12ـی شەوی رابردووەوە بەشێوەی تاقیکاری کەوتوونەتە کار، بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی هاتووچۆی هەولێر، دووشەممەی داهاتوو بە فەرمی سەرپێچی تۆمار دەکەن.
 
خێرایی رێگەپێدراو لە رێگەکەدا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ بارهەڵگری "گەورە"ش 80 کیلۆمەتر.
 
ئەو کامێرایانەی دەکەونەکار، لە بەرامبەر شاری سیپا سیتی دانراون تاوەکو چوارڕێیان(مەفرەق)ـی کەورگۆسک.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، لە کاژێر 12:00ـی شەوی 10ـی ئەم مانگەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی شەقڵاوە – قەندیل کە دەکەوێتە نێوان قەزاکانی 'شەقڵاوە و ئاکرێ'وە بەشێوەی فەرمی دەکەونە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن.
 
خێرایی رێگەپێدراو لە رێگەی شەقڵاوە – قەندیل بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ بارهەڵگرەکانیش 80 کیلۆمەتر.
 
هەروەها بڕیارە لە 09ـی ئەم مانگەوە کامێراکانی چاودێریی خێرایی جێگیر بەرامبەر نەخۆشخانەی ئاشتی و بەرامبەر نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە شاری سۆران بکەونە کار.
 
لە ساڵی رابردووەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان چەندین کامێرای چاودێریی خێرایی تیژڕۆیی نوێی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک داناوە کە چەند جۆرێکن، لەوانە تێیاندایە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ تۆمار دەکەن، هەروەها بەشێکیان جێگیرن و خێرایی لە یەک خاڵ تۆمار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە جارێک جەختی کردووەتەوە، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە