رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ژمارەیەک نەوجەوان لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر، هەوڵی هەڵاتنیان دا و جگە لە یەکێکیان سەرجەمیان دەستگیر کرانەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر دەستی کەوتووە، شەوی رابردوو شەش بەندکراوی نەوجەوان لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان هەوڵی هەڵاتنیان داوە.
چوار لەو نەوجەوانانە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون، دووانەکەی دیکەش چوونەتە دەرەوەی زیندانەکە، یەکێکیان دەستگیر کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەوی دیکەدا دەگەڕێن.
ئەو بەندیخانەیە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە. وەزارەتەکە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی چۆنێتی ئەو هەوڵی هەڵاتنەی زیندانیان پێکهێناوە.
"هەموویان راگیراوی وەزارەتی ناوخۆن و لە چاکسازییەکەدا میوان بوون"
نزیکەی کاژێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئاریان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی هەڵاتوون پێنجیان دەستگیر کراونەتەوە، کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە."
سەبارەت بە چارەنووسی هەڵاتووەکەی دیکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "ئەو کەسەی دەستگیر نەکراوەتەوە خەڵکی سووریایە." بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، ئەو شەش کەسە "هیچیان سزادراو نین و هەموویان راگیراوی وەزارەتی ناوخۆن، لە چاکسازییەکەدا میوان بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ