رووداو- قامشلۆ
سەدان كەس لە لایەنگرانی سەرۆكی سووریا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، بۆ پشتیوانیكردن لە بەشار ئەسەد گردبوونەوەیەكیان رێكخست.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، "كەمێك پێش ئێستا لایەنگرانی بەشار ئەسەد لە بەردەم ناوەندی كولتووری قامشلۆ گردبوونەوە و بە بەرزكردنەوەی وێنە و دروشـم پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆكی سووریا و پارتی دەسەڵاتدار دەربڕی".
ئەم گردبوونەوەیەی لایەنگرانی بەشار ئەسەد لە کاتێکدایە، کە سبەی 7.4.2014، 67 ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتیراکییە.
لە ماوەی مانگێكدا ئەوە چوارەم جارە لایەنگرانی بەشار ئەسەد لە شاری قامشلۆ گردبوونەوەی پشتیوانی بۆ دەسەڵاتی سووریا رێكدەخەن.
قامشلۆ گەورەترین شاری رۆژئاوای كوردستانە و كە لە دانیشتووانی زۆرینەی كورد و كەمینەی عەرەب پێكهاتووە.
گەڕەكە كوردییەكانی قامشلۆ لەژێر كۆنتڕۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەل (YPG)یە و ناوچە عەرەبنشینەكانیش هەتا ئێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەكانی سووریادان.










