رووداو - تەندروستی
قایمقامی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، لیژنەکانیان بەردەوامن لە پشکنینی خواردنگە و مارکێتەکان و لە ماوەی مانگی رابردوودا 15 شوێنیان بەهۆی فرۆشتنی خۆراکی ناتەندروست و ماوەبەسەرچوو سزاداوە.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنە هاوبەشەکانمان بەردەوامن لە پشکنینی خواردنگە، مارکێت و فرۆشگەکانی نێو قوتابخانەکان، هەرکەس و لایەنێک خۆراکی ناتەندروست و ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت، بەزەییمان بۆی نابێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت."
قایمقامی هەڵەبجە گوتیشی، سزاکان بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی کاڵاکان، سزادان تاوەکو دوو ملیۆن دینار و داخستنی شوێنەکە.
سمکۆ سالار ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ماوەی مانگی رابردوودا 15 حاڵەتی سزادان و داخستن هەبووە و بەردەوامیش دەبین."
سەبارەت بە هاوکاریی بازگەکان، سمکۆ سالار گوتی، "بازگەکان زۆر هاوکارمانن و لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەر 60 تەنەکە زەیتوونی ماوەبەسەرچوو و بڕێک گۆشت و مریشکدا گرتووە."


