رووداو دیجیتاڵ
دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە گەڕەکێکی هەولێر و لە نزیک دادگەی هەولێر، گەنجێک لە فەیسبووک لایڤی کردەوە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
رووداوەکە نزیکەی کاژێر 03:30 خولەک بووە و گەنجەکەش ناوی (س. ئـ)ـە. دوای ئەوەی کە چەند هاوڕێیەکی لە رێگەی فەیسبووکەوە ئاگادار کردووەتەوە، ئاگری لە جەستە خۆی بەرداوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گەنجە تەمەنی 19 ساڵانە و لە دوو نەخۆشخانەی هەولێر کرێکاری کردووە.
دوای ئاگربەردان لە جەستەی، ئەو گەنجە بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە. رووداو زانیاری لە نەخۆشخانە وەرگرتووە کە رێژەی سووتاوییەکەی 50٪ـە، زیاتر قاچ و پشتی سووتاون و ئێستاش "دۆخی تەندروستیی جێگیرە"
کەسوکاری ئەو گەنجە بە رووداویان گوت کە کوڕەکەیان "لەگەڵ هیچ کەس کێشەی نەبووە، بەڵام ماوەیەک بووە بەردەوام گلەیی هەبووە لە دۆخی ژیانی و بەردەوام باسی لە کێشە و خەم و ئازاری زۆری خۆی کردووە."
برایەکی ئەو گەنجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "من لە رێگەی فەیسبووکەوە ئاگادار بووم کە خۆی سووتاندووە. ئەو هیچ کێشەیەکی تایبەتی لەگەڵ کەس نەبووە و باسی هیچ شتێکی لای هیچ کام لە ئەندامەکانی خێزانەکەمان نەکردووە."
گەنجەکە کەمتر لە دوو خولەک دوای ئەوەی کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، لەلایەن شۆفێری تاکسییەکەوە گەیێندراوەتەوە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە هەولێر و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە. ئێستاش لەژێر چاودێریدایە.
بەپێی ڤیدیۆی ساتی خۆسووتاندنی گەنجەکە کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پێش خۆسووتاندنی گەنجەکە دەڵێت، "ئێستا بەشێوەیەکی راستەوخۆ خۆم دەسووتێنم، زۆر بێزارم لەم ژیانە زۆر." پاشان گەنجەکە ئاگر بە پۆشاکەکانییەوە دەنێت و ئاگرەکە جەستەی دەگرێتەوە.

.png&w=3840&q=75)
