رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر رایگەیاند لەئەنجامی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، 132 کەس دۆخی تەندروستییان تێکچووە، کە 15ـیان گوازراونەتەوە نەخۆشخانە.
شەوی رابردوو (5-5-2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی تەنیا دوو مانگ و هەشت رۆژدا.
ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی دووکانە سووتاوەکانی بازاڕەکەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێ " لە کۆی زیاتر لە 4000 دووکان، 227 دووکان و 7 کۆگەی بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە."
قەیسەریی هەولێر بەوە ناسراوە، ژمارەیەکی زۆر دووکانی زێڕنگرانی شارەکەی کۆکردووەتەوە.
پارێزگای هەولێر دەڵێ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی و شارەوانی "دەمودەست گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، دواى کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکەش لیژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا."
لە رووداوی سووتانی بازاڕی قەیسەری زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پارێزگای هەولێر رایگەیاند "بەداخەوە بەهۆى قەرەباڵخیێکى زۆرى هاووڵاتییان لە شوێنى رووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە 117 كەسيان چارەسەرکران، 15 كەسى دیکەشیان کە پێویست بوون، گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا."
لەماوەی 68 رۆژدا ئەمە سێیەم ئاگری گەورە بوو بازاڕەکانی هەولێر بسووتێنێت، کە دووانی پێشوو لە بازاڕی لەنگە بوون و بەهۆیانەوە سەدان دووکان سووتاون و خاوەن دووکانەکان زەرەرمەند بوون.
پارێزگای هەولێر لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ "هاووڵاتییانی شارى هەولێر دڵنیادەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ