بەڕێوەبەری کارگەی ریسایکلین لە دهۆک: رۆژانە نزیکەی 1000 تۆن زبڵ و خاشاک لە پارێزگاکە کۆدەکرێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کارگەی مروەژی (ریسایکلین) لە دهۆک دەڵێ، لە وەرزی گەشتوگوزار و بەهۆی هاتنی گەشتیارێکی زۆرەوە بڕی خۆڵ و خاشاک لە سنوورەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە،بە جۆرێک تەنیا لە سنووری شارەکە رۆژانە نزیکەی 450 تۆن خاشاك کۆدەکرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، دیار سادق، بەڕێوەبەری کارگەی مروەژی لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "قەبارەی پاشماوە لەم وەرزی گەشتوگوزارەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و رۆژانە تێکڕا لە پارێزگای دهۆک (جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ) نزیکەی 1000 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە."
 
سەبارەت بە بڕی خاشاکەکە لە شارەکە، دیار سادق گوتی: "لە سنووری شاری دهۆک رۆژانە نزیکەی 450 تۆن خاشاك کۆدەکرێتەوە، بەڵام لە رۆژانی هەینیدا بە رێژەی 15% زیاد دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سەردانیکارێکی زۆر و گەشتیارێکی زۆر لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری دهۆک و پارێزگاکەش دەکەن."
 
بەڕێوەبەری کارگەی مروەژینی دهۆک دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی رۆژانی هەینی زبڵ و خاشاک کۆناکرێتەوە، رۆژانی شەممە بڕی خاشاکەکە زۆرتر دەبێت و ئەرکی تیمەکان قورستر دەکات."
 
لەبارەی ئەو گرفتانەی دێنە رێیان، دیار سادق باسی لەوە کرد کە کێشەی سەرەکییان "قورسیی کۆکردنەوەی پاشماوەکانە"، چونکە گەشتیاران پاشماوەکانیان لەژێر دارەکان و لەنێو سرووشتی ناوچەکەدا جێدەهێڵن، ئەمەش کاتێکی زۆر لە تیمەکان دەگرێ بۆ پاککردنەوە، لەکاتێکدا دەکرا ئەو کات و وزەیە لە شوێنی دیکە بۆ خزمەتگوزاری بەکاربهێندرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە