سەنتەری شووشتنەوەی گورچیلە لە هەولێر دوای نۆژەنکردنەوەی 5 ئامێری نوێی بۆ دابینکرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ڤەژین موراد
دیمەنێکی نێو سەنتەرەکە. وێنە: رووداو
دیمەنێکی نێو سەنتەرەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری شووشتنەوەی گورچیلە لە هەولێر دوای نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی 5 ئامێری نوێ، بە سیمایەکی نوێوە پێشوازی لە نەخۆشەکانی دەکات.
 
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن رێکخراوی قەیسەریی هەولێر وەکو دەستپێشخەرییەکی مرۆیی جێبەجێ کراوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە سەنتەرەکە.
 
حاجی سەعد، سەرۆکی رێکخراوی قەیسەری دەڵێت، "بەڵێنی ئامێرێکمان دابوو لە شاری هەڵەبجەی خۆشەویست، بەڵام کردمان بە دوو ئامێر بۆیان، بۆ شاری سۆرانیش دوو ئامێرمان دابین کردووە و بەم زووانە دەخرێنەگەڕ. مژدەیەکەی خۆشتریش بە رووداو بدەم، کە هاوڕێیانی بازاڕی قەیسەری کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە ئامێریکی دیکەش بکڕن و بیبەن بۆ ئەو شوێنەی کە پێویستە."
 
پیرۆزە رەسوڵ، 8 ساڵە لەو سەنتەرە شووشتنەوەی گورچیلەکانی بۆ دەكرێت؛ ئەو یەکێکە لەو نەخۆشانەی کە ئەمڕۆ جیاواز لە رۆژانی پێشوو بە ئامێری نوێ و پێشکەوتوو چارەسەر وەردەگرێت.
 
پیرۆزە دەڵێت، "ژیانمان بەم ئامێرانەوە بەندە، ئەوان باش بن شووشتنەوەیەکە و دەیکەین و دەڕۆین، هیچ کێشەیەکمان نییە. ئێستا ئەم نۆژەنکردنەوەیە خۆشییەکی دیکەی بە ژیانمان دا."
 
مستەفا ئیسماعیل دەڵێت، "هەرچەندە چەند ساڵێکە نەخۆشم و چاوەڕێی مردن دەکەم، بەڵام وا هەستدەکەم گەنج دەبمەوە بەم گۆڕانکاریە، هێندە شتێکی باش بوو."
 
ئامێرە نوێیەکان لە توانایاندایە رۆژانە پڕۆسەی پاڵاوتنی خوێن بۆ چوار نەخۆش بەڕێوەببەن، بەمەش پرۆسەی چارەسەر خێراتر و کاتی چاوەڕوانی کەمتر دەکەن.
 
کۆچەر موحسین، بەرپرسی سەنتەر گوتی، "هاوکارییەکی زۆریان کردین، هەم بۆ تەندروستیی نەخۆشەکان، هەمیش بۆ ئەوەی ئاسوودەبن لێرە، چونکە ئەم نەخۆشانە نەخۆشی درێژخایەنن. هەمانە زیاتر لە 18 ساڵە لێرە شووشتنەوەی گورچیلەی بۆ دەکرێت و هەمانە زیاتر لە 10 ساڵە، زۆربەی نەخۆشەکان هەفتانە دوو بۆ سێ جار دێن سەردانمان دەکەن."
 
پرۆژەی نۆژەکردنەوەی سەنتەرەکە لە 5ی ئایار رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا؛ لەمەودوا ئەو 210 ئەندامەی سەنتەرەکە لە ژینگەیەکی خاوێنتر و پێشکەوتووتر چارەسەر وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە