رووداو دیجیتاڵ
قائیمقامییەتی سلێمانی هۆشداری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دووکاندارەکان دەدات و رایدەگەیەنێت: هەر شوێنێک خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر دابنێت، یاخود عهمباری بكات، دادەخرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەکاتەوە.
کەیوان خەلیل، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنترۆڵی لیژنه هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند: لە ماوەی رابردوودا لیژنەکان لە رێگەی سەردانیان بۆ کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دووکانەکان و هەروەها لە رێگهی راگەیاندنەکانیشەوە هەمو شوێنەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کۆگاکردن، دانان و گواستنەوەی خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر قەدەخەیە و بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەکرێنەوە.
کەیوان خەلیل گوتیشی: "بەپێی رێنوێنییەکانی تەندروستی، پێویستە خواردن و خواردنەوە دوور لە تیشکی خۆر بگوازرێنەوە، هەروەها شوێنی کۆگاکردن فێنک بێت و لە (25) پلەی سەدی تێپەڕنەکات".
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵ ئاماژەی بەوەشکرد: "پلەی بەرزی گەرما لەگەڵ تیشکی خۆر هۆکارن بۆ کارلێککردن لە نێوان دەفرەکە و ئەو خواردن و خواردنەوەی لەناویدایە، ئەمەش زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیێنێت و بەکارهێنەر تووشی شێرپەنجە دەکات".
نوێنەرهكهی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵ داوا لە خاوەن کارگە و کۆگا و مارکێت و دووکانەکان دەکات پابەندبن بە مەرج و رێنوێنییەکانی کارکردن، بۆ ئەوەی ناچار بەسزادانی هیچ شوێنێک نەبن، ئاماژەی بەوەشکرد "لەلایەن قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانییەوە لیژنەکان راسپێردراون لەکاتی بوونی سەرپێچیدا، شوێنەکان دابخرێن و خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند بکرێنەوە".

