هێزێکی ئەمنیی هاوبەشی هەولێر و کەرکووک باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر دەکەن

06-07-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزێکی ئەمنیی هاوبەشی هەولێر و کەرکووک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک پردێ، باندێکی "مەترسیدار"ـی دزین و مامەڵەپێوەکردنی ئۆتۆمبێل دەستگیر دەکەن.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە 06-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای گەیشتنی زانیاریی ورد لەبارەی باندێکی مەترسیداری دزینی ئۆتۆمبێل و مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێلە دزراوەکان لە کەرکووکەوە، هێزێکی هاوبەش لە نەهێشتنی تاوانی هەولێر، نەهێشتنی تاوانی کەرکووک و هۆبەی بازگەکان پێکهات".
 
کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6-7-2023) بەگوتەی عامر نووری "لە بۆسەیەکی هاوبەشدا لە نزیک پردێ" ئەو باندەیان دەستگیرکرد کە لە دوو کەس پێکهاتوون، دەشڵێ "بێگومان خەڵکی دیکەشیان لەگەڵدایە". 
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، "ئەو دوو کەسە یەکێکیان دانیشتووی هەولێرە و ئەوەی دیکە سلێمانییە و کوردن، کاتێکیش دەستگیرکراون چەکی جۆراوجۆریان پێ گیراوە و دواتر رادەستی هەولێر کراون".
 
لەکاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەداناوە سەتان ئۆتۆمبێلیان دزیوە و مامەڵەیان پێوەکردوون، عامر نووری دەڵێ، بۆیە "رێکاری یاسایی لەبەرامبەریان گیراوەتەبەر، پاڵپشت بە مادەی 442 لە یاسای سزادانی عێراقی".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە