ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵبژێردران

06-08-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بزووتنەوەی ئیسلامی
A+ A-

مەحموود یاسین كوردی و پشتیوان جەمال
رووداو- ھەولێر

رۆژی شەممە 6-8-2016، دوای بەستنی کۆنگرەی یازدە، ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە شاری سلێمانی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازكرد و، تێیدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردران، یەكێك لە ئەندامەكانیش ژنە.

لە كۆنگرەی 11 ئەوە جێگیركرا دەبێت ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی 6 كەس بێت. ئەندامە نوێكانیش بریتین لە: د.عەبدوڵڵا وەرتی، د.شوان قەڵادزەیی، کامیل حاجی عەلی، مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، حەمەدەمین ئاشوورانی و موحسین محەممەد ئەمین.

د.عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارە سکرتێری مەکتەبی سیاسی لە کۆبوونەوەی داھاتووی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردێت و یەكێك لەو شەش كەسە دەبێتە سكرتێر".

عەبدوڵڵا وەرتی رەتیکردەوە کامیل حاجی عەلی کە لە کۆنگرەی یازدە رکابەری عیرفان عەبدولعەزیز بوو بۆ پۆستی رابەری گشتی بزووتنەوە، بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نەکردبێت، گوتیشی "کاک حاجی کامیل بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد و خۆشی کاندیدکرد بۆ مەکتەبی سیاسی و متمانەی خوشک و برایانی بەدەستھێنا".


د.شوان قەڵادزەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورا و ئەندامی هەڵبژێردراوی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەنجوومەنی شووراكە لە 25 ئەندام پێكهاتووە و بەرزترین دەسەڵاتی حیزبە، بەشێوەی نهێنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دیاریكرد.


لە کۆنگرەی 11ی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستاندا کە رۆژی28-7-2016 لە شاری سلێمانی بە بەشداری 370 ئەندام بەڕێوەچوو، دوای رکابەری لەنێوان ھەریەک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە بەدەستھێنانی 197 دەنگ بە رابەری گشتی ھەڵبژێردرایەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە