جەلال پەرێشان: دوێنێ ئازاری گیانکێشانم چەشتووە

06-08-2020
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن جەلال پەرێشان ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەلال پەرێشان دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا سوپاسی خوا دەکات کە بەو نەخۆشییە تاقیکردووەتەوە و دەشڵێت "دوێنێ شەو ئازاری گیانکێشانم چەشتووە".
 
جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە خۆی چوار کەسی دیکە لە خێزانەکەی بە قورسی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لە وەرگرتنی چارەسەر بەردەوامن.
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی تکا لە خەڵک دەکات و دەڵێت "ئەگەر تۆ خۆتت خۆشناوێت، دایک، باوک، برا و خوشک، هاوژین و منداڵەکانت خۆشبوێت، ماسکێک هیچی تێناچێت و بیبەستن بۆئەوەی پارێزراوبن".
 
وەکو جەلال پەرێشان دەڵێت، پێشتر گوتوویەتی کە هەرگیز تووشنابێت و بەهێزە بەڵام ئێستا کە "تووشبووم، لە هەموو خەڵک قورستر تووشبووم، زیاتر ئازارم بینیوە. باوەڕ بکەن ئەو ئازارەی دوێنێ بینیم ئازاری گیانکێشان بوو. تکادەکەم با کەس تووشی ئەم ئازارە نەبێت و خۆتان بپارێزن".
 
پەرلەمانتارەکە ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی "یاخوا ئەوەی رۆحلەبەرە تووشی ئەو عەزابە نەبێت و نەیچێژێت".
 
رۆژی 3ی ئابی 2020 ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان تووشبوونی جەلال پەرێشانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و گوتی "دۆخی تەندروستیی مەترسیدار نییە، بەڵام کەمێک تای بەرزە و تەنگەنەفەسییەکی سووکی هەیە".
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە