رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر کەمپی ئازادیی لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
کەمپەکە تایبەتە بە ماڵباتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات. ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبی دیموکرات گوتی: "هێرشەکە بە پێنج درۆن و دوو مووشەک کراوە. درۆنەکان لە کەمپەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مووشەکەکانیش لە چۆڵەوانییەکان کەوتوون."
لەبارەی زیانەکانەوە سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان زیانی گیانی نییە، بەدواداچوونیشمان بۆ رووداوەکە بەردەوامە".
هەر ئەمڕۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، لە دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراون و "زیانی گیانی نەبووە".
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرامبەر ئێران، تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 294 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، کە بەشێکی هێرشەکان دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یان کەمپی کەسوکاریان بووە لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ