رووداو - هەولێر
جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری پارتیی دیموکراتی کوردستان بە پاسکیل چووە پەرلەمان و ئەمڕۆش بەشداری یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێ دەکات و دەڵێت، پەیامی من روون و ئاشكرایە و دەبێت خەڵکی تێبگەن کە بۆچی بە پاسکیل دەچمە پەرلەمان.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-11-2018، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە بە پاسکیل چووە پەرلەمانی کوردستان.
سەبارەت بەوەی بۆچی دەیەوێت بە پاسکیل بچێتە پەرلەمانی کوردستان، جەلال پەرێشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەیامی من روونە و دەبێت خەڵکی کوردستان بزانێت بۆچی من پاسکیل دەچمە پەرلەمانی کوردستان، دڵنیاشم هەر کەسە و شیکردنەوەی جیاوازی خۆی بۆ شێوازی چوونم بۆ پەرلەمان دەبێت، بەڵام من هیچ ناڵێم دەبێت خەڵکی بزانن پەیامی من روون و ئاشکرایە".
جەلال پەرێشان پەیامی بۆ خەڵك هەیە و دەڵێت: "پەیامی من بۆ خەڵکی هەژار و ستەم دیدە تەنها ئەوەیە، کە ئێمە گرنگە ببینە پردێکی راستەوخۆی هاووڵاتیان و دەسەڵات لە پەرلەمانی کوردستان".
پاسکیلەکەی جەلال پەرێشان سندووقێکی سکاڵای لەسەرە و یەکەم سکاڵاش هی عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بوو، کە داوا دەکات یاسای ژمارەی سێ ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەموار بکرێتەوە.
جەلال پەرێشان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێری پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو، توانی 30 هەزار و 444 دەنگ بەدەستبهێنێت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ