کاندیدی پارتی بۆ پارێزگاری هەولێر یەکلایی نەبووەتەوە

07-01-2014
هێڤیدار ئەحمەد
نیشانەکردن پارێزگای هەولێر
A+ A-
رووداو- هەولێر

جگە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێستا لایەنەكانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان 5/1/2014 كۆبووەوە بۆ ئەوەی لیستەكەی پارتی ئامادە بكات، بەڵام بڕیاری كۆتاییان نەداوە.

كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو شتێك یەكلایی نەبووەوە". گوتیشی "بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا دیسانەوە كۆببینەوەو لیستی كۆتایی ئامادە بكەین".

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، مەكتەبی سیاسی پارتی، لە هەولێر، پشتیوان سادق، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر پێشنیاز كردووە. 

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر رەتینەكردەوە كە جارێكی دیكە ئەو خۆی بۆ ئەو پۆستە ناپاڵێوێت و بە (رووداو)ی گوت "من نازانم دەمێنمەوە یان نا، چونكە ئەمە لەدەست مەكتەبی سیاسی پارتیدایە و ئەوان بڕیار دەدەن".

بەڵام كاكەمین نەجار گوتی "هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوە نەدراوە كێ دەبێتە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر". گوتیشی "لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسیدا ئەوە یەكلایی دەبێتەوە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ "ناوی 50 كەس بەرزكرایەوە، چونكە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا 30 كەسە، پێنجیان كۆتایە و 25 ئەندام كێبڕكێ دەكەن، ئێمەش بۆ هەر كورسییەك دوو كاندیدمان داناوە". ئەندامێكی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشبینی دەكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان پارتی لە هەولێر تاوەكو "13" كورسی بەدەستبهێنێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە