رووداو دیجیتاڵ
هەوڵ و هەڵمەتەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی دایک و باوکانی کورد هان بدەن منداڵەکانیان وانەی کوردی (کورمانجی و کورمانجکی (زازایی) هەڵبژێرن، لە باتمان دوای نوێژی هەینی، هودا پار رێپێوانێک دەکات بۆ هاندانی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی زمانی کوردی.
زمانی کوردی وەکو بابەتێکی بژاردە لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و کورمانجکی لە پۆلەکانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەمی ناوەندی دەخوێندرێت.
لە 23 هەزارەوە گەیشتە 35 هەزار قوتابی
بەگوێرەی گوتەی یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا لەبارەی خوێندنی کوردی کە کانوونی یەکەمی 2024 قسەی لەسەر کرد، ساڵی خوێندنی 2024-2025، 35 هەزار قوتابی وانەی بژاردەی زمانی کوردییان وەرگرتووە. 31 هەزار و 199 قوتابی بە شێوەزاری کورمانجی و سێ هەزار و 805 قوتابیش بە شێوەزاری کورمانجکی (زازاکی) خوێندوویانە.
پێشتر لە ساڵی خوێندنی 2023-2024، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 23 هەزار قوتابی داوای وانەی بژاردەی زمانی کوردییان کردبوو.
10 مامۆستای کوردی دادەمەزرێنن
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بەڵێنی دامەزراندنی 10 مامۆستای زمانی کوردی داوە، شەش مامۆستای شێوەزاری کورمانجی و چوار مامۆستای پسپۆڕ لە شێوەزاری کورمانجکی.
هەروەها لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا تەنیا 189 مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندراون. ئەو ژمارەیە پێویستیی داواکاریی کوردان پڕ ناکاتەوە. هەر بۆیە رەخنەی تووند ئاراستەی حکومەتی تورکیا لەبارەی کەمیی ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردی دەکرێت.
دیجلە عەنتەر، کوڕی نووسەری بەنێوبانگی کورد موسا عەنتەر باسی هەڵبژاردنی وانەی بژاردە دەکات. دەڵێت، خۆیشی زمانی کوردییەکەی زۆر بەرەوپێش بردووە.
خوێندن بە زمانی کوردی
لە چوارچێوەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کە ساڵی 2012 دەستپێشخەریی رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو، وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا خرایە لیستی وانە بژاردەکان. بەجۆرێک لە تەواوی پارێزگا تورکی و کوردییەکاندا قوتابییان دەتوانن داوای وانەی بژاردە بکەن. لە هەر پۆلێکدا 10 داواکاری یان زیاتر بۆ وانەی کوردی هەبێت، مامۆستایەک بۆ وانەی بژاردەی زمانی کوردی تەرخان دەکرێت.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بەفەرمیش نەوەستابێت، بە کردەیی سستە.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ساڵانە وادەیەک دیاری دەکات بۆ دایک و باوکی قوتابییان تاوەکو بە ویستی خۆیان وانەی بژاردە هەڵبژێرن. زمانی کوردیش بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و کورمانجکی لە وانە بژاردەکاندان.
لە زانکۆکانی وان، مێردین، مووش، چەولیگ و دێرسیم، زمانی کوردی دەخوێندرێت. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە.
نموونەی وانەی بژاردە لە ساڵانی رابردوو:
- قورئانی پیرۆز
- توانای خوێندنەوە
- توانای نووسین
- توانای پێشکێشکردن و پەیوەندییەکان
- زمان و شێوەزارە زیندووەکان؛ زمانە بیانییەکان (ئەو زمانانەی حکومەت پەسندی کردوون)
- راهێنانی زانستی
- پەروەردەی تەکنەلۆجیا
- پەروەردەی ژینگەیی
- پەروەردەی هزری
- راهێنانی بەهێزکردن لە بیرکاری
- هونەری بینراو (وێنەکێشان، نەریت، کاری دەستی بە پلاستیک)
- میوزیک
- مێژووی هاوبەشی تورک
- چالاکییە وەرزشییەکان
- دراما
- زاخاوی مێشک
- کولتووری گەلان
- نووسەر و خوێنەری میدیا
- شارەکەمان
- یاسا و دادپەروەری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ