ژمارەیەک هاونیشتمانی رێگەی کەرکووک - هەولێریان داخست

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک هاونیشتمانی خەڵکی کەرکووک، دژی داخستنی رێگەی لاوەکیی گوندەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە گردبوونەوە و سایدێکی رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێریان داخست. پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، داخستنی رێگە لاوەکییەکان قبووڵکراو نییە و بەڵین دەدات کار بۆ کردنەوەیان بکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 07-02-2026، ژمارەیەک هاونیشتمانی دژی داخرانی رێگە لاوەکییەکانی نێوان گوندەکانی دارەمان، حەسار، کەلهوڕ و گۆڵدەرەی گەورە و بچووکی سەر بە کەرکووک، لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک گردبوونەوە و بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل، سایدێکی رێگەکەیان داخست.
 
هاونیشتمانییەک لەسەر رێگەکە قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''خۆپێشاندان دەکەین، لەبەر ئەوەی شۆفڵیان هێناوە و رێگەی دارەمانیان لێ داخستووین. ئێمە هەموومان ئاژەڵدار و جووتیارین، بە کوێدا هاتووچۆ بکەین. رێگەکەمان بۆ بکەنەوە، یەکسەر ئێرە چۆڵ دەکەین.''
 
یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەران کە شۆفڵی هەیە بە رووداوی گوت، ''سوپا [ـی عێراق] بێزاری کردووین، ناتوانین کاروانێک خۆڵ بار بکەین، بە هیچ شێوەیەک رێگەمان پێنادەن هاتووچۆ بکەین. بە تەواوی بێزار بووین.''
 
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی رێگەکان بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک نەتوانن بچنە سەر زەوی و کێڵگە پەلەوەرییەکانیان و گوتی، ''ئەوان [سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان] دەڵێن رێگەکە دەگرین و چی دەکەن، بیکەن. خەڵک زۆر زەرەرمەند دەبێ، رێگەی یەک کیلۆمەتریان لێ کردووینەتە 25 کیلۆمەتر.''
 
سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، داخستنی ئەو رێگە لاوەکییانە بە مەبەستی رێگری لە بەقاچاخبردنی کاڵایە. خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەری کە هاتووچۆکەی بە رێگەی دارەماندایە بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ''باشتر وایە خاڵی سەربازی لەوێ دابنێن. خۆم ئامادەم هەموو رۆژ کە دەڕۆم و دێمەوە، ئۆتۆمبێلەکەم بپشکنن. حەز دەکەن با پێنج بازگە دابنێن، کێشەمان لەگەڵ ئەوە نییە، بەڵام با رێگەکەمان دانەخەن.''
 
هاوکات مازن غریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەردانی شوێنی خۆپێشاندەرانی کرد و داوای کردنەوەی رێگەکەی کرد، بە رووداوی گوت، ''بەڵێن بێ تاوەکو چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم خەڵکە نەدۆزینەوە، واز لە بابەتەکە ناهێنین.''
 
مازن غەریب ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بە گرفتەکە لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک قسەی کردووە و رایگەیاند، ''بە هیچ شێوەیەک نە پارێزگار، نە فەرماندەی پۆلیس و نە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ئەم بابەتە قبووڵ ناکەن و دەبێ چارەسەر بکرێت.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای گۆڕان، کوردستان و عێراق لە گردی زەرگەتەی سلێمانی. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

گۆڕان کۆنفرانس دەبەستێت؛ هەردوو ئاراستەکە بانگهێشت کراون

بڕیارە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی لە شاری کەرکووک ببەستێت. رێپێدراوی بزووتنەوەکە لە کۆمیسیۆن دەڵێت، هەردوو ئاراستەکە ئاگادارکراونەتەوە