رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی رۆناهی لە قەزای ئاکرێ، لە خانوویەکی کرێ، فاتیمە ئەحمەدی تەمەن 50 ساڵ لەگەڵ سێ منداڵەکەی ژیانێکی سەخت بەڕێدەکات. ئەم خێزانە هەشت ساڵە بە کۆچی دوایی باوکیان بێناز کەوتوون و ئێستا جگە لە یارمەتیی خێرخوازان، هیچ داهاتێکی دیکەیان نییە.
چیرۆکی ئەم خێزانە تەنیا برسیەتی و هەژاری نییە، بەڵکو چیرۆکی ئازارێکی جەستەیی و دەروونیی قووڵیشە. نەدای کچی فاتیمە، کە تازە لە قۆناخی چارەسەریی سووتاوییەکی سەخت گەڕاوەتەوە ماڵەوە، یەکێکە لە قوربانییەکان. ئەو، رۆژی 12ـی شوباتی ئەم ساڵ، لەلایەن یەکێک لە خزمەکانیانەوە کە بەخێوی دەکردن، بە رۆنی گەرم ئەشکەنجە درا و بەشێکی زۆری جەستەی سووتێنرا.
عائیشە ئەحمەد، خوشکی فاتیمە و پووری منداڵەکان، کە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک سەرپەرشتیی چارەسەریی نەدای کردووە، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "تاوەکو برینەکەی چاک بووەوە لای من بوو. دایکی پارەی نییە و من هاتووچۆی پزیشک و نەخۆشخانەم پێ دەکرد. ئەگەر خێرخواز نەبێت، خواردنیان نییە بیخۆن. هەندێک جار هەفتەیەک تەنیا نانی وشک و چا دەخۆن."
دۆخی دەروونیی فاتیمە کە توانای قسەکردنی باش نییە، وایکردووە نەتوانێت وەک پێویست ئاگاداری منداڵەکانی بێت. هەر ئەمەش وایکردبوو خزمێکیان ئەرکی بەخێوکردنیان لەئەستۆ بگرێت.
فاتیمە بە دەنگێکی کزەوە، لە (بەرپرسیاری رەمەزان) گوتی: "هەشت ساڵە هاوژینەکەم بە جەڵتە کۆچی دوایی کردووە. هیچ مووچەیەکم نییە و خێرخوازان هاوکاریم دەکەن. ئەگەر ئەوان نەبن، منداڵەکانم برسی دەبن."
دوو کوڕەکەی فاتیمە، ئەحمەد و محەممەد، قوتابین و لەگەڵ هەموو کێشەکاندا هەوڵی بەردەوامیدان بە خوێندن دەدەن. ئەحمەد کە لە پۆلی 9ـی بنەڕەتییە، دەڵێت: "دایکم گوشارێکی زۆری لەسەرە. هەژارین و خێرخوازان لە خەرجیی هاتووچۆ و جلوبەرگ هاوکاریمان دەکەن."
محەممەدی برایشی جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەورەترین کێشەیان نەبوونی خانووە و دەڵێت: "پێویستیمان بە خانوویەکە، چونکە ناتوانین پارەی کرێ دابین بکەین. ئەگەر خێرخوازان یارمەتیمان نەدەن، دۆخمان زۆر خراپ دەبێت."
عەبدوڵڵا مستەفا، موختاری گەڕەکی رۆناهی، شایەتی بۆ دۆخی سەختی ئەم خێزانە دەدات و دەڵێت: "شایستەترین خێزانی گەڕەکەکەن کە هاوکاری بکرێن. تاوەکو ئێستا هیچ رێکخراوێک یارمەتیی نەداون و تەنیا دراوسێ و خێرخوازان خواردن و نەوتیان بۆ دابین دەکەن. ئەگەر بەردەوام نەبن لە هاوکاریکردنیان، ئەوا ئەو دوو کوڕە بچووکە ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن."
ئێستا ئەم خێزانە بێدەرەتانە، چاویان لە دەستی خێرخوازانە تاوەکو لە مانگی رەمەزاندا فریایان بکەون و لانیکەم بتوانن لە برینە قووڵەکانی رابردوویان کەمێک ساڕێژ بکەن و بە هیوایەکی زیاترەوە سەیری داهاتوو بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ