"تەسبیحێك" ژیانی خێزانێكی كورد دەكاتە دۆزەخ

07-04-2017
رێباز ئەنوەر
نیشانەکردن وان
A+ A-

رووداو- وان

گەنجێكی كوردی خەڵكی وانی باكووری كوردستان بەهۆی دۆزینەوەی تەنێك كە شێوەكەی لە تەسبیح چووە لە شوێنی كارەكەی، خۆی و خێزانەكەی بەرەوڕووی كێشەیەكی گەورەی تەندروستی بوونەتەوە و ئێستا خۆی و سێ‌ ئەندامی خێزانەكەی بەهۆی ئەو ماددەیەوە نەخۆش كەوتوون.


راستییەكەی ئەوەی ئەو گەنجە كوردە دۆزییەوە تەسبیح نەبوو، بەڵكو ماددەیەكی كیمیایی تیشكدەر بوو بەناوی ئیڕادیۆم 192 كە بۆ پشكینی بۆڕی بەكاردێت.

ئەیوبی تەمەن 17 ساڵ، دوای زەمینلەرزەكەی وان لە ساڵی 2011 ، لەگەڵ خێزانە حەوت كەسییەكەیدا كۆچ دەكەن بۆ ناوچەی عارفیەی سەر بە شاری ئەداپازار. محەممەد ئەمینی باوكی ئەیوب شێرپەنجەی سییەكانی هەبوو، بۆیە بەخێوكردنی خێزانەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەیوب.

ئەیوب ناچار بوو لە قۆناغی دواناوەندی دەستبەرداری خوێندنەكەی ببێت، ناچاربوو رۆژانە بە 50 لیرەی توركی (نزیكەی 14 دۆلار) لە بری باوكی كرێكاری بكات. تێچووی چارەسەری كیمیایی باوكی ئەیوب گران بوو. بۆیە ئەیوب دەیویست لە بەنداوی كزڵجك كار بكات، چونكە رۆژانەكەی 110 لیرەی توركی (30 دۆلار) بوو.

خەونەكەی ئەیوب هاتەدی، بەڵام كورتخایەن بوو، تەنیا دوای دوو رۆژ لە كاركردن وەك شاگرد لە بەنداوەكەدا، ژیانی بەجۆرێك گۆڕا كە هەرگیز گەڕانەوەی نەبوو. ئەیوب لە شوێنی كارەكەی تەنێكی دۆزییەوە كە هاوشێوەی تەسبیح بوو. بەڵام ئەو تەنە ماددەی ئیڕادیۆمی 192ی تیشكاوەر بوو كە بۆ پشكنینی بۆڕییەكان بەكاردەهات و لە نێو ئامێری تیشكی ئێكس رەی لە بەنداوەكە كەوتبووە خوارەوە. 

ئەیوب تەنەكەی لەگەڵ خۆی بردبووەوە بۆ ماڵەوە. كاتێك دایكی پرسیاری لێكردبوو، پێیگوتبوو "ئەوە تەسبیحە، ئەها سەیری بكەن گوڵینگیشی پێوەیە". خوشكە تەمەن 19 ساڵانەكەی ئەیوب و برا گەورە تەمەن 24 ساڵانەكەی و برازا تەمەن ساڵ و نیوەكەی دەستیان لە تەنەكە دابوو. زۆری نەبرد چاوەكانی ئەیوب سوور هەڵگەڕان و بوونە گۆمی خوێن، رەنگی جەستەی شین و مۆر هەڵگەڕا. دواجاریش رەشایەوە و ژانەسەریشی بەدوادا هات.

بۆ رۆژی دواتر ئەیوب نەیتوانی بچێتە سەر كارەكەی. لە یەكەی فریاگوزاریی خێرای نەخۆشخانە دەرزییەكی بۆ كرا و ناردیانەوە ماڵەوە بەبێ ئەوەی پزیشكەكان لە دۆخەكەی تێبگەن. دواتر سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی كە دەستیان بەر ماددەكە كەوتبوو، دەستیان بوو بە برین.

ئەیوب دووبارە سەردانی نەخۆشخانەی كردەوە، كاتێك پزیشكەكان چیرۆكی "تەسبیح"ەكەیان لە زاری ئەیوبەوە بیست، دەستبەجێ‌ چەند پشكنینێكی پێشكەوتوویان بۆ كرد، دەركەوت مادەی تیشكدەر چووەتە جەستەیەوە. سەرەتا یەكەی فریاگوزاریی نەخۆشخانە و پاشان ئەو گەڕەكەی كە ئەیوب لێی نیشتەجێی بوو، لەلایەن تیمەكانی تەندروستییەوە بەڕووی هاتوچۆدا داخراو و خرایە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە.

دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی توركیا لێكۆڵینەوەی لە شوێنی كاری بەنداوەكەدا كرد و دەركەوت كە ئەو تەنە لەنێو ئامێری تیشكی ئێكس رەیدا بووە. دامەزراوەكە تەنەكەی ماڵی ئەیوبی وەرگرتەوە. لە پشكنینەكاندا دەركەوت كە ماددەی تیشكدەر بڵاوبووەتەوە.

دوای وەرگرتنی چارەسەر، خوشك و برا و برازاكەی ئەیوب، رزگاریان بوو لە ماددە تیشكدەرەكە و چاكبوونەوە، بەڵام ئەیوبی تەمەن 17 ساڵ هێشتا لە نەخۆشخانەی گاتایە لە شاری ئەنقەرە. ئەو ناتوانێت لەسەر قاچەكانی بوەستێ‌. برینەكانی جەستەی زۆر قووڵ بوون و هەندێك شوێنی جەستەی پێستی پێوە نەماوە. ئەو هەر دوو رۆژ جارێك لەبەر ئازارەكانی، دەرزیی بێهۆشكردنی لێدەدرێ‌، خێزانەكەشی دەبێت هەر دوو هەفتە جارێك بوتڵە خوێنێكی بۆ پەیدا بكەن، چونكە خوێنی جەستەی ئەیوب بە بەردەوامی لە كورتی دەدات.

خێزانی ئەیوب سكاڵایان لەسەر كۆمپانیاكەی تۆمار كردووە بە تۆمەتی وەرنەگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی كرێكارەكان لەو ماددە تیشكدەرە. هەروەها كۆمپانیاكەش سكاڵای لەسەر ئەیوب تۆمار كردووە، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت ئەیوب ناسنامەی كەسێكی دیكەی بەكارهێناوە بۆ وەرگرتنی كارەكەی، چونكە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بووە و بە ناسنامەكەی خۆی نەیدەتوانی كار وەربگرێ‌. كۆمپانیاكە ئەیوب بەوەش تۆمەتبار دەكات كە كەرەستەی شوێنی كارەكەی بردووەتەوە ماڵەوە. ئەیوب بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە ناتوانێ‌ بەشداری دانیشتنی دادگا ببێ‌ كە بڕیارە لە 10ی مایسی داهاتوو لە دادگای شاری ئەداپازار بەڕێوەبچێ‌، لەبری ئەو باوكە نەخۆشەكەی ئامادە دەبێ‌.

ئیڕادیۆمی 192ی تیشكدەر چییە؟

 لە ئامێری تیشكی ئێكس رەی، بۆ پشكنینی بۆڕی بەكار دێت. ماددەی ناوبراو لە هەلومەرجی تابیەت و بە وەرگرتنی رێوشوێنی توند، بەكاردێت. لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددەكەدا، تیشكەكە بە قووڵی 30 مەتر دەچێتە ژێر زەوی، ئەو ماددەیە لە ئەگەری دزەكردنی و بەركەوتنی بە جەستەی مرۆڤ كاریگەریی خراپ جێدێڵێ‌ و لە هەندێك باردا مرۆڤ دەكوژێ‌.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە