گرژی و ئاڵۆزی رێگەیان نەدا وان سپۆر ئاهەنگ بگێڕێت

27-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن وان سپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی نێوان هەردوو یانەی وان سپۆر و ئەلازق سپۆر لە قۆناخی پێشکۆتایی پلەی ئۆفی خولی پلە دووی تورکیا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەوە تەواو نەکرا.
 
لە یاریی گەڕانەوەی ئەم قۆناخەی خولەکەدا و بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفی خولی پلە دووی تورکیا، هەردوو یانە لە یاریگەی ئەلەزیق سپۆر رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە یاریی چووندا وان سپۆر بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو و نزیکە بگاتە یاریی کۆتایی.
 
لە یاریی گەڕانەوەدا ئەلازق سپۆر بە گۆڵێک لە پێشەوە بوو، لە خولەکی 56 بەهۆی دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی و هەڵدانی دەبەی ئاو و کەلوپەلی جیاواز بۆ نێو یاریگە، یاریی نێوان هەردوولادا راگیرا و گرژی لەنێوان یاریزانانی هەردوولاشدا دروستبوو، بەو هۆیەوە ناوبژیوانی یارییەکە بڕیارییدا یارییەکە تەواو نەکرێت و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
بەر لە یارییەکە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و جەهەپە لەگەڵ یاریزانانی یانەی ئەلازق سپۆر کۆبوونەوە و داوایانکردبوو ئارامی یارییەکە بپارێزن.
 
دوای ئەوەی یارییەکە راگیرا، دەستەی پارێزەرانی وان راگەیێنراوێکیان لەبارەی یارییەکەوە بڵاوکردەوە و داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکەن، یارییەکە بە 3-0 لە بەرژەوەندی یانەی وان سپۆر هەژماربکرێت و یانەی ئەلازق سپۆر بە ئەنجامدانی یارییەکانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و بەبێ هاندەر سزابدرێت.
 
دەستەکە دەڵێت "بەر لە یارییەکە داوامانکردبوو، یارییەکە بەهۆی ئەوەی مەترسیی لەسەرە لە یاریگەیەکی بێلایەن بکرێت، بەڵام گوێ لە داواکارییەکەیان نەگیرا."
 
دوای رووداوەکانی ئەو یارییە، یانەی ئامەدسپۆر میوانداریی یانەی وان سپۆری کرد و لە راگەیێنراوێکدا گوتی "دەستەی بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ ئێوارەخوانێک میوانداریی یانەی وان سپۆری کرد، دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئەلەزیق، سەرۆکی یانەکەمان هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ کۆمەڵگەی وان سپۆر خواست و پاڵپشتیی یانەی ئامەدسپۆری بۆ یانەکە دووپاتکردەوە."
 
دیارنییە کەی بڕیار لەبارەی داهاتووی یارییەکەوە دەدرێت، لە ئەگەری هەژمارکردنی یانەی وان سپۆر بەبراوەی یارییەکە، ئەوا لە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفی خولی پلە دووی تورکیادا یانەکە بەرامبەر یانەی باتمان سپۆر یاری دەکات و دوو یانەی کوردستان، رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی پلە یەکی تورکیا دەکەن، کەواتە وەرزی داهاتوو هاوشانی یانەی ئامەدسپۆر، یانەیەکی دیکەی باکووری کوردستان بەشداری لەو خولەدا دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە