جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا و بەوەیش ئەمڕۆ لەو پارێزگایە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
د. هێرش سەلیم، جێگری بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بە گیانلەدەستدانی ئەم تووشبووە، ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی پێنج تووشبووی ڤایرۆسەکە مردوون.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ ئەرکان عەلی پەیامنێری رووداو لەبارەی رەوشی تەندروستیی تووشبووانی کۆرۆناوە رایگەیاندبوو، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستی تووشبووەکان سەرقاڵی گواستنەوەی نەخۆشەکانین لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیری عەلی والی بەگ بۆ نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ، کە شوێنی چاودێریی چڕی باشترە و فراوانترە. هەروەها دەشڵێت، "ئێمە لە دوو رۆژی رابردوو زیاتر لە 15 نەخۆشمان گواستووەتەوە کە لە بارێکی تەندروستیی سەختدان".
د. هێرش سەلیم، ئاشکرای کرد، "كێشەی شوێنی مانەوەی نەخۆشمان نییە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشەكان كە نزیكەی 20 نەخۆشێك دەبن دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و پێویستیان بە چاودێری ورد هەیە و تەمەنیشیان لەنێوان 45 بۆ 70ساڵیدایە".
یەکێک لەو کەسانەی ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی گیانی لەدەستدا ناوی "باسم ساڵح عەبدولستار"ە کە 59 ساڵ بووە و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بووە.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەزار و 222 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە 448 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 24 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
