بەغدا داوای زانیاری لەبارەی بڕی پێویستیی نێوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

07-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتى عێراق بە داتا داوای بڕی پێویستیی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرهەمە نەوتییەکان کردووە و شاندی دانوستاندنکاریش ئەو زانیارییەی لەگەڵ خۆی بردووەتە بەغدا.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی داوای زانیاریی وردی لەبارەی ئاستی پێداویستیی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمە نەوتییەکان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لەبارەی رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنی نێوانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکرد.
 
ئەو سەرچاوەیەى رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، شاندەکەی هەرێمی کوردستان زانیاریی پێویستی لەبارەی ئاستی پێداویستیی نێوخۆیی بۆ بەرهەمە نەوتییەکان لەگەڵ خۆی بردووە، بۆ ئەوەی رادەستی بەغدای بکات.
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات بۆئەوەی پشکی لە بودجە بۆ بنێردرێت.
 
ئێستا گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر شێوازی رادەستکردنی ئەو 280 هەزار بەرمیل نەوتەیە کە دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت.
 
رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی قەمەر ئینێرجی، بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، گەیشتنەوە بە بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە کە چەند ساڵێکی دەوێت."
 
لە 25ی ئاداری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ـی شوباتەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەربکرێن.
 
بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی راوێژکاری، خەمڵاندن بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. تاوەکو کۆمپانیاکە کارەکانی تەواو دەکات، بەغدا بەشێوەیەکی کاتی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو دەداتە کۆمپانیاکانی نەوت.
 
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە رووداوی گوت: "دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتن بووە لەسەر ئەو 280 هەزار بەرمیلەی رۆژانە کە ئێستا بەرهەم دەهێندرێ و گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل و رادەستکردنی، پێویستی بەوەیە بەغدا تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

جەنگیز چاندار: ئەوەی بە ناوی دیداری ئۆجەلانەوە بڵاوکرایەوە دەبێت فڕێبدرێتە زبڵدان

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە ئامەد رەخنەی تووند لەو "دەقە پوختکراوە" دەگرێت کە لەبارەی دیدارەکەی ئیمراڵی بەسەر ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دابەشکراوە و دەڵێت: "هیچ بەهایەکی نییە."