ناپاکی و کێشەی دارایی؛ هۆکارەکانی پشت هەڵکشانی ئامارەکانی جیابوونەوە لە عێراق

07-08-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
چیرۆکی ژنێک کە بەهۆی ناپاکی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە
چیرۆکی ژنێک کە بەهۆی ناپاکی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیاردەی جیابوونەوەی هاوژینان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشانێکی مەترسیدار کردووە. لە پشت هەر دۆسیەیەکی جیابوونەوەوە، چیرۆکێکی تاڵ و کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر هەن کە بنەماڵەکان هەڵدەوەشێننەوە. چیرۆکی ئەم ژنە، نموونەیەکی زەقی ئەو تراژیدیایە کۆمەڵایەتییەیە.
 
دوای حەڤدە ساڵ لە ژیانی هاوبەش، ژنێک کە دایکی سێ منداڵە، بڕیاری جیابوونەوە لە هاوژینەکەی دەدات. ئەو ئێستا هەر سێ منداڵەکەی لەلای خۆی کۆکردووەتەوە و بە تۆمەتی "خیانەتی هاوسەرگیری" سکاڵای یاسایی لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا دۆسیەکەیان لە دادگە یەکلایی نەبووەتەوە.
 
ئەم ژنە باس لەوە دەکات کە لە رابردوودا ژیانێکی خۆش و ئارامیان هەبووە و خاوەنی خانووی خۆیان بوون، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە. دەڵێت، "هەم خانووەکەمان فرۆشت و بووینە کرێچی، هەمیش قەرزێکی زۆرمان کەوتە ئەستۆ."
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هاوژینەکەی مووچەیەکی بەرزی هەبووە کە زیاتر لە دوو ملیۆن دینار بووە، کەچی هێشتا قەرزار بوون. ئەمە گومانی لا دروست دەکات، تا دواجار بەڵگەی خیانەتی هاوژینەکەی لەگەڵ دەیان ژنی دیکە دەکەوێتە بەردەست و بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ جیابوونەوە دەدات.
 
ئەو ژنە دەڵێت: "مۆبایلەکەم کردەوە و هەموو شتێکم بۆ دەرکەوت. ئینجا بۆم روون بووەوە کە لەگەڵ دەیان ژن لەناو شار و دەرەوەی شار و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش پەیوەندیی هەبووە. هەمووی بە دەنگ و ڤیدیۆ و وێنەوە، بۆم دەرکەوت کە پارەی بۆ خەرج دەکردن."
 
رێکخراوی "هیوای عێراقی" کە کار لەسەر ئەم جۆرە دۆسیانە دەکات، ئاشکرای دەکات، خیانەتی هاوسەرگیری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە. 
 
سرود محەممەد، بەرپرسی رێکخراوەکە رایگەیاند کە نزیکەی 50٪ی هۆکارەکانی جیابوونەوە بۆ خیانەت دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا هۆکارەکانی دیکە پەیوەستن بە کێشەی دارایی، نەگونجانی کەسی، ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خواردنەوە کحولییەکان.
 
سرود محەممەد هۆکارەکان زیاتر روون دەکاتەوە و دەڵێت: "بەهۆی خراپبەکارهێنانی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا و فیلمەکان، هەروەها بەهۆی زیادبوونی لەشفرۆشییەوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی راوی ئەو پیاوانە بکرێت کە خاوەنی داهاتن و وایان لێدەکەن ژیانی خێزانیان تێکبچێت."
 
ئامارە فەرمییەکان هەڵکشان پشتڕاست دەکەنەوە
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە مانگانە بڵاودەکرێنەوە، رێژەی جیابوونەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە:
 
شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024: لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق 27,315 جیابوونەوە تۆمارکراوە کە هەزار و 53 کەیسیان لە دادگەی کەرکووک بووە.
 
شەش مانگی دووەمی ساڵی 2024: 27,531 دۆسیەی جیابوونەوە بڕیاریان لێ دراوە، کە هەزار و 447 یان لە کەرکووک بووە.
 
شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ (2025): لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق 34,522 جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە هەزار و 145 کەیسیان لە دادگەی کەرکووک بووە.
 
بەپێی بەراوردی ئامارەکان، رێژەی جیابوونەوە لەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە ساڵی رابردوو، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ژیانی کۆمەڵایەتی لە عێراق.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.