ئاسایشی خۆسەر: لەنێو کەمپی هۆل دەستمان بەسەر چەک و کەرەستەی سەربازیدا گرتووە

07-09-2022
ئازاد پیرچاوشی
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، لەنێو کەمپی هۆل دەستیان بەسەر چەک و کەرەستەی سەربازیدا گرتووە. دەشڵێت، 25  چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-09-2022 ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیێندراوێکی لەبارەی 13یەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێو کەمپی هۆڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەنێو ئەو 25 چەکدارەی داعش کە دەستگیرکراون، 9 ژن هەن.
 
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات، چەند رۆژێکە ئۆپەراسیۆنێکیان لەنێو کەمپی هۆل دەستپێکردووە، ئامانجیانە تاوانەکانی نێو کەمپەکە کەمبکەنەوە و ئەندامانی شانە نووستووەکانی داعش دەستگیربکەن، هەروەها دەیانەوێت تۆماری پەنجەمۆری سەرجەم دانیشتووانی نێو کەمپەکە نوێبکەنەوە. 
 
شەڕڤانانی هەسەدە و ئاسایشی خۆسەر لە کەمپەکەی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستاندا بەدوای چەکدا دەگەڕێن؛ قوژبنی خێوەتەکان بۆ ئەو مەبەستە دەپشکنن، ئەوەش بەهۆی زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن لە کەمپەکەدا.
 
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا کەمپی هۆل زیاتر لە 56 هەزار کەسی تێدایە کە هاووڵاتیی 57 وڵاتن و 94%یان ژن و منداڵن. هەروەها زۆربەی نیشتەجێیانی نێو کەمپەکە عێراقین کە ژمارەیان 27 هەزار کەسە، 19 هەزاریشیان سووری و 12 هەزاریش خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
 
ئاسایشی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەیدا هەروەها دەشڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا حەوت حەشارگە کە بۆ راهێنان و ئەشکەنجە دروستکرابوون، لەنێویان بردوون. ئاماژە بەوەش دەکات کە گوللـەی کڵاشینکۆف، چانتای سەربازی و هاردێکی کۆمپیوتەریش لە ژێرزەمینێکدا دەستی بەسەرداگیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە